سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا: قەیرانی پەنابەران گەورەترین هەوڵی ناسەقامگیرکردنی ئەوروپایە

PM:11:48:21/11/2021

3948 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، "قەیرانی پەنابەرانی سەر سنوری پۆڵندا لەگەڵ بیلاروسیا گەورەترین هەوڵی ناسەقامگیرکردنی ئەوروپایە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ساردەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، ماتیۆز موراوسکی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لەپێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر لەبارەی دۆخی پەنابەرانی سەر سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاروسدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیا، شەڕێکی دووبەرەکی نانەوەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەستپێکردووە و پۆڵەنداش ملکەچی ناچارکردن نابێت و هەرچییەکیشی لەدەست بێت دەیکات بۆ پارێزگاریکردن لە سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا."

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لەبارەی دۆخی پەنابەرانەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەمڕۆ پۆڵەندا بە ئامانج کراوە و سبەینێ ئەڵمانیا و بەلژیکا و فەڕەنسا و ئیسپانیا دەکرێنە ئامانج."

ئەم قسانەی ماتیۆز مۆراوسکی لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ ناوبراو خۆی ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی دۆخی پەنابەرانی سەر سنوری وڵاتەکەی.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بەتایبەتیش، هەرێم و عێراق بۆ بیلاروسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە.

وڵاتانی رۆژئاوا، بیلاروسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەیەوێت قەیران دروست بکات بەهۆی کۆچبەرانەوە کە (زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن) و پەیمانیشیان دەداتێ کە بە ئاسانی دەپەڕنەوە بۆ ناو سنوری یەکێتی ئەوروپا. لەبەرامبەریشدا حکومەتی بیلاروسیا، نکوڵی لەو تۆمەتبارکردنە دەکات و رەخنەش لە یەکێتی ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت، "کۆچبەران وەرناگرێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتییەکە دوای ئەوەی سزایان بەسەردا سەپاندووە.













گەلەری