سەردێڕ:

بۆریەکی ئاوی دوکان تەقییەوە و بریندار هەیە

PM:10:19:21/11/2021

25668 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی قەزای دوکان رایگەیاند، بەهۆی بڕانی کارەباوە بۆڕییەکی سەرەکی ئاوی دوکان-سلێمانی تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کارماندی بەرگری شارستانی بریندار بوون.


سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دوکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێر هەشت و ١٥ خولەکی ئەمشەو، تەقینەوەیەک لە بۆری سەرەکی ئاوی دوکان-سلێمانی روویداوە و تەقینەوەکەش لە ئەنجامی بڕانی کارەبا و گەڕانەوەی ئاوەکە بە خێرایی بووە.

باسی لەوەشکرد، رووداوەکە لە بۆری سەرەکی ئاوی دوکان-سلێمانی روویداوە و لەدوای رووداوەکەش بڕێکی زۆر لە قوڕ و لیتە بەوناوەدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام بە هاوکاری تیمە پەیوەندیدارەکان چارەسەرکراوە.

لەبارەی زیانە گیانییەکانیشەوە، قائیمقامی قەزای دوکان ئەوەشی وت، بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو پۆلیسی بەرگری شارستانی کە پاسەوانی بۆرییەکە بوون برینداربوون و لە ئێستادا تەندروستیان باشە و چارەسەری پزیشکی وەردەرگرن.

هاوکات، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، تەقینی ئەو بۆرییە کاریگەری لەسەر ئەو ماڵانە دەبێت کە لەو بۆرییەوە ئاوی خواردنەوە وەردەگرن، وتیشی، "هەوڵدەدەن لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا گرفتەکە چارەسەر بکەن".

گۆران لوقمان، سلێمانی













گەلەری