سەردێڕ:

شارێکی ئەمریکا لەلایەن موسڵمانەکانەوە بەڕێوەدەبرێت

PM:08:13:21/11/2021

8852 جار خوێندراوەتەوە

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شاری هامترامک، تەواوی جومگە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی شارەکە لەلایەن موسڵمانەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.


کەناڵی تەلەفیزیۆنی بی بی سی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاماژەی بەوەدا، دۆخی شاری هامترامک بەتەواوەتی بۆ موسڵمانانی نیشتەجێبووی ناوی لە ئێستادا گۆڕاوە، کە لە رابردوودا کێشەی جیاکاری رەگەزی و نەژادی هەبوو.

شاری هامترامک دەکەوێتە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکاوە و ژمارەی دانیشتووانی ٢٨ هەزار کەسە و زیاتر لە ٥٠٪ دانیشتووانەکەی موسڵمانن، جگە لەوەی پێکهاتەی چەندین ئایینی دیکەی تێدایە و لە ئێستادا بووەتە هێمای پێکەوەژیانی کلتورە جیاوازەکان.

ئەنجوومەنی شارەکە پێکهاتووە لە دوو ئەندامی بەنگالی و سێ ئەندامی یەمەنی و پۆڵەندییەک، کە سەرجەمییان موسڵمانن و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکین.

عامر غالبی تەمەن ٤١ ساڵ، بەرەگەز یەمەنی و بە رەگەزنامە ئەمریکی، توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانی شارەکەدا ٦٨٪ دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بەمەش دەبێتە یەکەم موسڵمان کە ئەو پۆستە لەو شارەدا دەگرێتە دەست.

شاری هامترامک مێژوویەکی پڕ لە گۆڕانکاری هەیە، لەسەرەتادا بووە پەناگەی ئەڵمانەکان و دواتر بەهۆی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆری پۆڵەندییەکانەوە لەسەدەی بیستدا بە "وارشۆ"ی بچووک ناسرابوو.

لە ساڵی ١٩٨٧ لەکاتی سەردانیکردنی پاپا یوحەنا پۆڵسی دووەم، کە بەرەگەز پۆڵەندی بوو، سەردانی شاری هامترامکی کرد کە لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە نزیکەی ٩٠٪ دانیشتووانی پۆڵەندی بوون.

لە ٣٠ ساڵی رابردووەوە شارەکە بووەتە پەناگەیەکی ئارامی موسڵمانان و کۆچبەرانی ئاسیایی بەشێوەیەک لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەشێکی زۆری دروشمەکان بە هەردوو زمانی بەنگالی و عەرەبی نووسرابوون.













گەلەری