سەردێڕ:

وێنە.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە چەمچەماڵ شەش کەس گیانیان لەدەستدا

PM:04:24:21/11/2021

19728 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە رێگای بانی مەقان-چەمچەماڵ شەش کەس گیانیان لەدەستدا و یەک کەسیش بریندار بوو.


شەریف رەحیم وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا بووە و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندارە.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە سەرنشینی ئۆتۆمببێلەکە بوون و ئەو کەسەشی بریندارە شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە، کە برینەکەی سەخت نییە.

باسی لەوەشکرد، تەرمی دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ و سەرجەم ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی قەرەهەنجیرن و سەر بە یەک خێزانن، کە باوکێک و دوو کوڕ و دوو کوڕەزای و بوکەکەین.

لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکەشەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، کە بارهەڵگرەکە بە ئاڕاستەی پارێزگای کەرکوک رۆشتووە و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەدا و شۆفێری بارهەڵگرەکەش لەئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر پێویستی وەرگرتووە. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ رۆژی جیهانی قوربانیانی رووداوەکانی هاتوچۆ بوو، کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە هەرێمدا دادەندرێت، بەشێکی هاوڵاتیان هۆکارەکەی بۆ خراپی رێگاوبانەکان و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و زۆربوونی بارهەڵگرەکان و پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکان دەگەڕێننەوە، لە بەرامبەریشدا هاتوچۆ هۆکارەکەی بۆ تیژڕەوی و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکان دەگەڕێنێتەوە.

ئیحسان سابیر- سلێمانی

هـ.ئـ

No description available.

No description available.

No description available.












گەلەری