سەردێڕ:

وێنە.. پیاوێک ماڵەکەی کردووە بە مۆزەخانەی مۆبایل و ئامانجێکی ھەیە

PM:01:58:21/11/2021

4840 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی تورک ئارەزوی کۆکردنەوەی مۆبایلە کۆنەکانی بە ھەموو جۆرە جیاوازەکانییەوە ھەیە و لە ماڵەکەیدا دەیانپارێزێت. دەشڵێت، "خەونی ئەوەی ھەیە ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەیییەکان."


ئەکرەم قارە غودک ئۆغڵۆ ناوی ئەو پیاوە تەمەن ٤٢ ساڵەیە کە خولیایەکی جیاوازی ھەیە لە خەڵکی دیکە و بریتییە لە کۆکردنەوەی ئامێرە کۆنەکانی پەیوەندیکردن و خاوەنی دوو ھەزار و ٧٧٩ ئامێری جیاوازە لە ماڵەکەیدا.
غودک ئۆغڵۆ لە ماڵەکەیدا دوو ژووری تەرخان کردووە بۆ دانان و رێکخستنی ئەو ئامێرانەی کۆی کردوونەتەوە، ھەموو جۆرە جیاوازەکانی ئامێر لە ماڵەکەیدا بوونی ھەیە ھەر لە بێ وایەر و وایەردار، ئەمەش وای کردووە ماڵەکەی وەک مۆزەخانە دەربکەوێت.
غودک ئۆغڵۆ باسی لەوەکردووە، ئەو ئامێرانەی خاوەندارییان دەکات لە ١٥٠ کۆمپانیای جیاوازن و بەشێکی زۆریانی لە دەرەوەی وڵات کڕیوە.
 پێشتریش،  غودک ئۆغڵۆ کاری چاککردنەوەی ئامێرەکانی تەلەفیزیۆن و رادیۆی کردووە و کاتێک لە ساڵی ١٩٩٥دا مۆبایل ھاتووە، دەستی کردووە بە چاککردنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.
ھاوکات، غودک ئۆغڵۆ بەر لە مانگێک داوای لە بەرپرسانی دامەزراوەی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان کردووە تا سەردانی بکەن بە ئامانجی تۆمارکردنی ناوی لەو کتێبە جیھانییەدا و  ئەوانیش  دوای ١٥ رۆژ لە داواکارییەکەی سەردانیییان کردووە، بەم جۆرەش بەنیازە ژمارەی پێوانەیی کەسێکی ئەڵمانی بشکێنێت کە لە ساڵی ٢٠١٠دا بە ھەزار و  ٥٦٣ ئامێری پەیوەندی ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمارکراوە.












گەلەری