سەردێڕ:

کۆمسیۆن کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئاشکراکرد

PM:12:29:21/11/2021

3888 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی دووشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق رادەگەیەنرێت، هاوکات، ئەگەری هەیە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پەرلەمانی نوێی عێراق یەکەم دانیشتن بکات.


عیماد خەلیل ئەندامی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەی دووشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق رادەگەیەنرێت.

راشیگەیاندووە، پاش پێداچوونەوە بە تانەکاندا گۆڕانکاری لە شەش بۆ حەوت کورسی پەرلەماندا روودەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان ئەم هەفتەیە رەوانەی دادگای فیدڕاڵی دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.

هاوکات، دڵشاد گۆران پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەڵێت، دادگای فیدڕاڵی لە ماوەی ١٠ رۆژدا دەبێت ئەنجامەکان یەکلابکاتەوە و ئەگەری هەیە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پەرلەمانی نوێی عێراق یەکەم دانیشتن بکات.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتیشی، رەوتی سەدر سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتن و لەگەڵ لایەنەکانی کورد و سونەدا لە گفتوگۆدان و سەدر دەیەوێت بەشێک لەلایەنە شیعەکانیش بەشداری بکەن.

رۆژی ١٠ی مانگی رابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە هەڵبژاردنەکەدا رەوتی سەدر زۆرترین کورسی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی ٧٣ کورسی، لە هەرێمی کوردستانیش پارتی هێزی یەکەم و نەوەی نوێ هێزی دووەم بوون و ئەگەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا رێژی ١٠٪ زیاتر بووایە نەوەی نەوەی دەبووە هێزی یەکەم.













گەلەری