سەردێڕ:

بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەتەوە و داوای پێدانی دەرماڵە دەکەن

AM:10:26:21/11/2021

3868 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەتەوە و داوای پێدانی دەرماڵە دەکەن، کە هەشت ساڵە حکومەت دەرماڵەی خوێندکارانی بڕیوە.


لەوبارەیەوە، یەکێک لە خوێندکارانی کۆلیژی پۆلیتەکنیکی کەلار باسی لەوەکرد، حکومەت لە دۆخێکی زۆر باش دایە و داهاتی نەوت و ناوخۆش بەرزە هەر بۆیە ئەوان داوای سادەترین مافی خۆیان دەکەن کە ماوەی چەندین ساڵە بڕدراوە.

خوێندکارێکی دیکە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وتی، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین مافێکی سادە و رەوای خۆمانە و داوا دەکەین حکومەت وەڵاممان بداتەوە.

لەبەردەم پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، خویندکارێک باسی لەوەکرد، ئەو بڕە پارەییەی ئەوان داوای دەکەن بڕە پارەیەکی کەمە و بارگرانی نابێت لەسەر حکومەت بەڵام بۆ خویندکار زۆر گرنگە.

هاوکات، مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوی لە پەرلەمانی کوردستان لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران لە رانیە باسی لەوەکرد، ئەوان بە تەواوی پشتیوانی داواکاری خوێندکاران دەکەن، چونکە خوێندکاران چینێکن زۆرترین زوڵمیان لێ دەکرێت و بارگرانین لەسەر دایک و باوکیان، بۆیە پێویستە حکومەت بێتە سەر خەت و چارەسەری ئەم دۆخە بکات.

وتیشی، ئەوان وەک نەوەی نوێ سێ ساڵ بەر لە ئێستا پڕۆژەیان پێشکەشکردووە بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران و هەر ئەمڕۆش دووبارە یاداشت دەکەنەوە بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە بۆ خوێندکاران.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی هەرێم بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش دەرماڵەی خوێندکارانی بڕی، بەڵام کە لە ئێستادا ئەو پاساوانە بوونیشی نەماوە حکومەت دەستی بە دابەشکردنی دەرماڵە نەکردووەتەوە.

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار، بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.

 














گەلەری