سەردێڕ:

منداڵێک دوو مانگە لە دایکبووە و دایک و باوکی تەنیا جارێک لە نەخۆشخانە سەردانیان کردووە

AM:12:01:21/11/2021

18476 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ رایگەیاند، نزیکەی دوو مانگە منداڵێک لە زاخۆ لەدایکبووە و کێشی تەنها ٥٠٠ گرامە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکدایە، دەشڵێت، "تا ئێستا دایک و باوکی منداڵەکە تەنها یەکجار سەردانی منداڵەکەیان کردووە."


ئەدیب فالح حەسەن پزیشکی نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، منداڵێک کە تەمەنی ٥٠٠ گرامە لەدایکبووە و تا ئێستاش دایک و باوکی منداڵەکە یەکجار سەردانی منداڵەکەیان کردووە.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو منداڵە لە حەوت مانگیدا لە دایکبووە و ناڕێکیش لە جەستەیدا هەبووە، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگیش، لە ئێستادا کێشی ئەو منداڵە ٩٠٠ گرامە، لەکاتێکدا کێشی منداڵی ئاسایی دوو کیلۆگرام و نیوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو منداڵە لە ژێر چاودێری پزیشکی نەخۆشخانەی منداڵانی ناتەواودایە و پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکەن.

بەگوێرەی وتەکانی ئەو پزیشکەی نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ، دایک و باوکی ئەو منداڵە بە رەگەز عەرەبن و لە گوندێکی سەر بە ناحیەی باتیفا دەژین.

هاوکات، باوکی منداڵەکە پیشەی شوانییە و دایکیشی ژنی ماڵەوەیە، بڕیارە تا ماوەی ٢٠ رۆژی دیکە رەوانەی ماڵەوە بکرێت، کە بەگوێرەی وتەی ئەو پزیشکە، "دایک و باوکی منداڵەکە بەهۆی دۆخی داراییانەوە نەیانتوانیوە منداڵەکە ببەنەوە تا ئەوکاتەی تەندروستی جێگیر دەبێت."













گەلەری