سەردێڕ:

٧٥ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکان

PM:10:29:20/11/2021

48224 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، بەهۆی ژێر ئاوکەوتنی بەلەمێکەوە لە دەریای ناوەڕاستدا زیاتر لە ٧٥ کۆچبەر خنکاون و ١٥ کۆچبەریش رزگاریان بووە.


رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەهۆی ژێر ئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست کە دەیانویست لە لیبیاوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا زیاتر لە ٧٥ کۆچبەر خنکاون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەلەمەکەدا ١٥ کۆچبەر رزگاریان بووە و ھێنراونەتە سەر وشکایی شاری زوارا لە رۆژئاوای لیبیا.

تا ئێستا رێکخراوەکە ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرانەکردووە کە لە بەلەمەکەدا بوون، هاوکات، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا نازانین کە کۆچبەری کورد لە بەلەمەکەدا هەیە یاخود نا و چاوەڕوانی نێردراوەکانمان دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە بابەتەکە." 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە ھەزار و ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.













گەلەری