سەردێڕ:

بەریتانیا رێکارێک لەبارەی تێپەڕبوونی کۆچبەران لە رێگای فەڕەنساوە بۆ وڵاتەکەی دەگرێتەبەر

PM:08:52:20/11/2021

19412 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پێشووی ‌هێزە سنوورییەکانی بەریتانیا بە کەناڵی سکای نیوزی راگەیاندووە، "بەریتانیا پشتی بە فەڕەنسا بەستووە بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی کۆچبەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا."


تۆنی سمیس بەڕێوەبەری پێشووی ‌هێزە سنوورییەکانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان یان وڵاتانی دراوسێی بەریتانیا رەنگە بژاردەیەک بێت لەبەردەم حکومەتی بەریتانیادا.

بەگوێرەی ئامارێکی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا، تەنها لەمساڵدا نزیکەی ٢٤ هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر بەنایاسایی گەشتوونەتە ئەو وڵاتە، ئەم رێژەیەش سێ هێندەی ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ە.

ئەو بەڕێوەبەرەی پێشووی هێزە سنوورییەکانی بەریتانیا ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ئەگەر فەڕەنسا رێگری وشکانی دروستنەکات یان کۆچبەران نەگەڕێنێتەوە، ئەوا گرفتەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە".

تێپەڕبوونی رێژەیەکی زۆریی کۆچبەران لە رێگای سنووری فەڕەنسا بۆ بەریتانیا، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرفتی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات.

ماوەیەکیشە، دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە و وەک خۆیان دەڵێن، مەبەستیان دابینکردنی ژیان و داهاتوویەکی باشترە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان.

لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، پریتی پاتێڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، رێککەوتنێکی بە بەهای ٥٤ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ فەڕەنسادا واژۆکرد، بەمەبەستی رێگریکردن لە تێپەڕبوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە رێگای فەڕەنساوە، بەڵام چاوگە بەریتانییەکان ئاشکرایانکرد، "کۆنترۆڵکردنی رێگای سەرسنوور بە درێژایی ٩٠ میل لەسەر کەناراوەکان، کارێکی ئەستەمە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتییەکە دوای ئەوەی سزایان بەسەردا سەپاندووە.













گەلەری