سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم باس لە بڕینی موچەی مامۆستایان دەکات ئەگەر ڤاکسین وەرنەگرن

PM:07:27:20/11/2021

125828 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، مامۆستایان موچەکانیان هەڵدەپەسێردرێت، ئەگەر ڤاکسین وەرنەگرن یان هەفتانە پشکنینی کۆرۆنا نەکەن، لەبارەی کەرەنتینەشەوە دەڵێت، "هەر کات پێویست بوو رێکارەکان توندکەینەوە پێویستە بیکەین."


رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "مامۆستایان دەبێت بە ناچاری ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، چونکە مامەڵەیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر خوێندکاردا هەیە"، دەشڵێت، "مامۆستایان دەبێت جدی تر بن لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "مامۆستایان یان دەبێت ڤاکسین وەربگرن یان هەفتانە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن، ئەگەرنا دەبێت موچەی مامۆستا هەڵپەسێردرێت."

راشیگەیاندووە، "لەکۆی گشتی هاوڵاتیانی هەرێم، تەنها رێژەی ١٣٪ی هاوڵاتیان ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، هاوکات رێژەی ٨٪ی هاوڵاتیانی هەرێم ژەمی دووەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و ٣٤٤ هەزار کەس".

 

باسی لەوەشکردووە، "هێشتا بە فەرمی رێکخراوی تەندروستی جیهان راینەگەیاندووە ژەمی سێیەم ڤاکسین وەربگرین."

وتووشییەتی، "راگەیاندنی کەرەنتینە لەلایەن حکومەتەوە لەگەڵ هەڵسەنگاندی دۆخەکەدا دەبێت، هەر کات پێویست بوو رێکارەکان توندکەینەوە پێویستە بیکەین، لە ئێستادا نازانین چی دەکەین و چی روودەدات."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بودجەی تەواو لەبەردەستدا نییە بۆ کڕینی دەرمان و بەو داهاتەی لە نەخۆشخانەکاندا دەستمان دەکەوێت ناتوانین دەرمانی پێویست دابین بکەین، بەڵکو دەبێت ساڵانە بودجەیەکی تایبەت بۆ دەرمان تەرخان بکرێت."

رەهێڵ فەرەیدون دەشڵێت، "بەشێکی زۆر داهاتی تەندروستی دەدرێت بە هاندان بۆ کارمەندان لە نەخۆشخانەکان."

 

لە ٢٥ی مانگی ١٠ی ئەمساڵدا، لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و بڕیاردرا، کە کۆتایی ئەمساڵ دەبێت سەرجەم مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن.

 

 













گەلەری