ماریوش بلاشاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا رایگەیاند ، هێزەکانی پاراستنی سنوری وڵاتەکەی چەندین هەوڵی تێپەڕبوونیان لە سنوری بیلاروسیاوە بۆ پۆڵەندا پوچەڵکردووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزیری بەرگری پۆڵەندا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "شەوی رابردوو جیاوازییەکی زۆری نەبووە بە بەراورد بە شەوانی رابردوو و چەندین هەوڵی شکاندنی سنور تۆمارکراوون، بەڵام لە ئێستادا کۆچبەران تاکتیکی جیاواز دەگرنەبەر و بە گروپی بچوکتر هەوڵ دەدەن و لە شوێنی جیاوازەوە".
ماریوش بلاشاک روونیکردەوە، بیلاروسیا هاوکاری
و ئاراستەی جوڵەی کۆچبەرەکان دەکات و وتیشی، "پێویستە لە ئامادەباشیدا بین
چونکە کێشەکە بەردەوامی دەبێت بۆ چەند مانگێکی دیکەش".
لەبارەی ژمارەی هەوڵەکانی بەزاندنی سنورەوە
بلاشاک وتیشی، " دوێنێ چەند هەوڵێک لەسەر سنوری پۆڵەندا – بیلاروسیا دراوە بۆ ئەوەی بپەڕنەوە
و گەورەترین گروپیان نزیکەی ٢٠٠ کۆچبەر
بوون و جگە لەوەش چەند هەوڵێکی تاک و گروپی بچووک هەبووە، و دەشڵێت، " کۆچبەران
بە شەڕانگێزانە مامەڵەیان کردووە و بەردیان هاویشتووە و تەنانەت گازی فرمێسکرێژیان
بەکارهێناوە".
ماوەی مانگێک زیاترە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان پۆڵەندا و بیلاروسیا
دروستبووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی ئاسیا و ئەفریقاوە دەچنە
بیلاروسیا و دەیانەوێت لەرێگەیەوە بگەن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتی
ئەوروپاش بیلاروسیایان تۆمەتبارکرد "بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژ بە
ئەوروپا".