سەردێڕ:

موفتی میسر بەکارهێنانی پێکهاتەکانی بەرازى وەک چارەسەر یەکلایی کردەوە

PM:12:25:20/11/2021

9868 جار خوێندراوەتەوە

موفتی میسر رایگەیاند، ئەو مادانەی لە پێکهاتەی گۆشتی بەراز وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەرکردن رێگە پێدراوە. دەشڵێت، "خواردنی گۆشتی بەراز لەکاتی ناچاریدا رێگە پێدراوە".


شەوقی عەلام موفتی و سەرۆکی ئەمنیدارێتی گشتی خانە و دەستەکانی فەتوادان لە میسر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "نەزرە" رایگەیاند، ئەو مادانەی لە گۆشتی بەراز وەردەگیرێن لە رێگەی کارلێکی کیمیاییەوە بەتەواوەتی دەگۆڕدرێت بۆ مادەیەکی نوێ و چیدیکە پێی ناوترێت پێکهاتەی بەراز، ئەمەش هیچ کێشەی نییە وەک دەرمان بەکار بهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، خودی بەرازەکە ناگۆڕێت، بەڵام ئەو بەشەی لێی وەردەگیرێت بە مەبەستی دروستکردنی دەرمان، گۆڕانکاری کیمیایی تێدا روودەدات.

شەوقی عەلام ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و توێژینەوەکان لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری نوێ، نەتوانراوە جێگرەوەی پێکهاتە و ئەندامەکانی بەراز بدۆزرێتەوە، ئەمەش بەگوێرەی یاسای "ناچارییەکان بەکارهێنانی قەدەغەکراوەکان رێگە پێدراو دەکات" دەتوانرێت پێکهاتەکان و ئەندامەکانی بەراز بەکاربهێنرێت.

لەبارەی خواردنی گۆشتی بەرازەوە، شەوقی عەلام موفتی و سەرۆکی ئەمنیدارێتی گشتی خانە و دەستەکانی فەتوادان لە میسر ئاشکرای کرد، خواردنی گۆشتی بەراز لە قورئاندا بە راشکاوی باسی لێوەکراوە کە رێگە پێدراو نییە، بەڵام لە دۆخی ناچاریدا تەنها بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە رێگە پێدراوە بخورێت.













گەلەری