وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرگری دەکات لە ئازادی و سەروەری عێراق.
ئەمڕۆ شەممە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەمیانەى بەشداریکردنی لە دیالۆگی مەنامە ٢٠٢١ رایگەیاند، "پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزە و جەختی لەسەر کراوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا،
"بەرگری دەکەین لە بەرژەوەندییەکانمان و ئاستی هێزی بەرگریکردنمان لەناوچەکە
بەرز دەکەینەوە لە رێگەی رەوانەکردنی هێزی زیاترەوە ئەگەر پێویست بکات".
ئەوەشی خستەڕوو،
"هێزەکانمان لە هێرشەکانی ئێران و بریکارەکانی دەپارێزین و بۆ شکستپێهێنانی
داعش لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق و سوریا بەردەوامدەبین".
لوید ئۆستن باسی
لەوەشکرد، پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەکەن دژی هەر لایەنێک بییەوێت
ببێتە هەڕەشە لەسەری یان لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت.
دەشڵێت، "بەرگری
لە عێراق و ئازادییەکەی و سەروەرییەکەی دەکەین".
لەبارەی کشانەوەی
هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکانیان
لەگەڵ عێراقدا زۆرباشە و لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا بەردەوامدەبن لە مەشق پێکردنی هێزە
ئەمنییەکان و زانیاری زیاتریان پێدەدەن بە ئامانجی شکستپێهێنانی رێکخراوە چەکدارییەکان
و روبەڕوبوونەوەی چالاکییەکانیان.
لەبارەی ئێران و
رۆڵییەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران نابێت بیر لەوە
بکاتەوە پەیوەندی ئەمەریکا و عێراق شکستپێبهێنێت. وتیشی، ئێران هۆکاری سەرەکی
نائارامی و پشێوی و ناسەقامگیرییە لەناوچەکەدا، پێویستە کارە توندوتیژییەکانی لەناوچەکە
کەم بکاتەوە.
هاوکات، هۆشداریدایە
ئێران و وتی، "ئەگەر ئێران شێوازی دبلۆماسی بە دڵ نییە رێگەی تر هەیە بیگرینە
بەر".
ئەمە لەکاتێکدایە،
دوێنێ هەینی دایەلۆگی مەنامەی تایبەت بە بەڕێوەچوونی لوتکەی ئەمنی لە خۆرهەڵاتی
ناوەڕاست و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٣٠٠ بەرپرس و بیرمەند لەسەرتاسەری جیهاندا دەستی
بەکارەکانی کرد و بڕیارە سێ رۆژ بەردەوامبێت.