سەردێڕ:

هۆکارەکانی دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی چییە؟

PM:10:05:19/11/2021

32880 جار خوێندراوەتەوە

کەمکردنەوەی سودی قەرزەکان و کەمی یەدەگی نەختینەیی بیانی و بەرزبوونەوەی رێژەی هەناردەکردن لە دیارترین هۆکارەکانی بەردەوام دابەزینی بەهای لیرەی تورکییە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.


ماڵپەڕی عەرەبی پۆست لە راپۆرتێکی شیکاری ئابوریدا هۆکارەکانی بەردەوام دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی خستووەتەڕوو کە بریتین لە کەمکردنەوەی سودی قەرزەکان و کەمی یەدەگی نەختینەیی بیانی و بەرزبوونەوەی رێژەی هەناردەکردن.

کەمکردنەوەی سودی قەرزەکان

لە چەند مانگی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە رێژەی ١٨٪ نرخی سودی بانکەکانی دابەزاند و بەردەوامیش بوو لە دابەزاندی نرخی سودەکان بەشێوەیەک لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بانکی ناوەندی تورکیا بڕیاریدا بە رێژەی ١٪ نرخی سودەکانی بە تێکڕایی ١٠٠ خاڵ داشکاند.

رۆژی چوارشەممە، ١٧ی تشرینی دووەم رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، بەردەوامدەبێت لە نەیاربوونی لە بەرزکردنەوەی نرخی سودەکان هەتا لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. دوابەدوای ئەم لێدوانەشی بەهای لیرە بەڕێژەی ٢٪ دابەزی.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەو باوەڕەدایە، دابەزاندنی نرخی سودی بانکەکان گەشەی ئابوری و کەم بوونەوەی بێکاری لێدەکەوێتەوە و هاندەرێکیش دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنەکانی ئەو وڵاتە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، محەمەد موش وەزیری بازرگانی تورکیا رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا تێکڕای هەناردەکردنی تورکیا بە رێژەی ٢١.٧٪بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی لە چارەیەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی ٧.٢٪ بەرزبووەوە.

کەمی یەدەگی نەختینەیی بیانی

بانکی ناوەندی تورکیا پێویستی بە یەدەگی نەختینەیی بیانی هەیە ئەمەش بەهۆی سیاسەتی نەختینەیی بەرپرسانی پێشوو کە بەردەوام دەستیان وەرداوەتە بازاڕەکان بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە هێزی لیرە، ئەمەشییان لە رێگەی خستنەبازاڕی بڕێکی زۆر دۆلار لە رێگەکانی دەرەوەی بانکی ناوەندی.

بەگوێرەی راپۆرتە شیکارییەکەی ماڵپەڕی عەرەبی پۆست، گرتنەبەری ئەم سیاسەتەش ئەنجامێکی پێچەوانەی لێکەوتەوە بەهۆکاری ئەوەی بڕی یەدەگی نەختینەیی بیانی لەو وڵاتەدا لە بانکی ناوەندی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە کە لە ئێستادا تەنها ٣٥ ملیار دۆلار وەک یەدەگی نەختینەیی بیانی لە بانکی ناوەندی تورکیادا هەیە.

بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردن

عوسمان نوری کاباک سەرۆکی لقی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەستەنبوڵ بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی رایگەیاند، تورکیا رێژەی هەناردەکردنی بەرزبووەتەوە بەشێوەیەک هەموو ئەو تایبەتمەندیانەیان تێدایە کە وەبەرهێنان داوایان کردووە.

لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر تورکیا، عوسمان نوری کاباک هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی جیهانی.

زەنگی ئاگادارکردنەوە

پسپۆرانی ئابوری و دارایی و دراو هۆشداری دەدەن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرەی تورکی، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان، دەبێت هاوڵاتی ئاسایی ئەو وڵاتە لە پێناو بەردەوامبوون لە ژیان باجەکەی بدات.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی عەرەبی پۆست، لە ١٢ مانگی رابردوودا نرخی تەماتە و پەتاتە و کاهو بە رێژەی ٦٢ – ٧٠٪ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا نرخی مریشک بە رێژەی ٦٨٪ و هێلکە بە ریژەی ٤٧٪ و زەیتی گوڵەبەرۆژە بە ریژەی ٤١٪ و شیر بە رێژەی ٣٧٪ نرخەکانیان بەرزبووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێدایە، ماوەیەکە بەهای لیرەی تورکی بەردەوام بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دادەبەزێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەو وڵاتەش نرخی کاڵا و پێداویستی رۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

کـ. ئـ













گەلەری