وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ٧٥ کۆچبەری دیکە بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ عێراق.
ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە تۆمارکردنی ناوی ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە بەنیازن بگەڕێنەوە عێراق.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ ٤٣١ کۆچبەر کە ٤٢٢یان
دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بوون لە بیلاڕوسیاوە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و
بەغدا.
هەر دوێنێ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند،
کۆچبەران بوونەتە قوربانی قاچاخچییەکان و فریودراون و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ کەسیان
دەستگیرکردووە کە کاری قاچاخچێتیان کردووە، دەشڵێت، "سزای هەر کەسێک دەدەن کە
بە فێڵ و قاچاخ خەڵک بباتە دەرەوە."
ماوەی زیاتر لە مانگێکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان
بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار
دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتییەکە دوای ئەوەی سزایان بەسەردا
سەپاندووە.