سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: خەڵک بێهیوان چونکە ٣٠ ساڵە هەمان بنەماڵە حکومیان دەکەن

PM:07:19:19/11/2021

3240 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "کێشەی کۆچی هاوڵاتیانی هەرێم بریتییە لەوەی کە دوای ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی کوردی هەمان ئەو بنەماڵانە حکوم دەکەن بێ هیچ گۆڕانکاری و ریفۆرمێک"، دەشڵێت، "پێویستە کێشەی حکومڕانی چارەسەر بکەین."


لە چەند رۆژی رابردوودا، شاسوار عەبدولواحید لە تویتێکدا باسی لەوەکرد، هۆکاری ئابوری و نەبونی هەلی کار، نەبونی سەقامگیری و نەبوونی دڵنیایی لای هاوڵاتیییان و بوونی ناعەدالەتی زۆر هۆکاری کۆچی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.

هاوکات، ئەمڕۆ هەینی، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تویتێکی دیکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کێشەی کۆچی هاوڵاتیانی هەرێم جگە لەو هۆکارانەی پێشتر باسمان کرد، بە زمانێکی سادە بریتییە لە نەبوونی هیوا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی کوردی هەمان ئەو بنەماڵانە حکوم دەکەن بێ هیچ گۆڕانکاری و ریفۆرمێک."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاندووە، "خەڵک بێهیوابوون لە بوونی وڵاتێکی گەشەسەندوو، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیەی حکومڕانی چارەسەر بکەین."

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا و دوێنێش ژمارەیەک لە کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە گەڕانەوە هەرێم.













گەلەری