سەردێڕ:

لەسەر کێشەی کەمئاوی؛ لە شاری ئەسفەهان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

PM:05:17:19/11/2021

4716 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی قورستربوونی کێشەی کەمئاوی لە شاری ئەسفەهانی ئێران بە دەیان هەزار خۆپیشاندەر، لە تەواوی چین و توێژەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد ئاوی روباری "زایندە روەد"یان بۆ بگێڕنەوە.


ئەمرۆ هەینی، دەیان هەزار خۆپیشاندەر لە جوتیاران و وەرزشکاران و رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی شاری ئەسفەهانی ئێران بە درێژایی کەناری روباری "زایندە رەوەد" و بەهۆی کێشەی کەمئاویەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی ئێران کرد، هەرچی زووترە ئاوی روباری "زایندە رەوەد"ییان بۆ بگێڕێتەوە کە ماوەی ١٠ ساڵ زیاتر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێگەنادەن لەلایەن جوتیارانی شارەکەوە بەکاربهێنرێت و لێی بێبەشکراون.

چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە دروشمی "جوتیاران پشتیوانی لە داوا رەواکەتان دەکەین" و "رێگە بدەن ئەسفەهان هەناسەیەک بدات" بۆ پشتیوانی کردن لە جوتیاران بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.

دوابەدوای خۆپیشاندانەکە، محەمەد موخبیر جێگری باڵای سەرۆکی دەوڵەت لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانەوە رایگەیاند، بە زووترین کات بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە شاری ئەسفەهان کۆبوونەوەیەک سازدەکەن و کێشەکە بە جدی وەردەگرن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە درێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو ئێران کێشەی کەمئاوی هەیە و لەلایەن خۆشییەوە، رێکخراوی چاودێری کەش و هەوای ئێران رایگەیاندووە، ٩٧٪ی ئاوی وڵات کەمی کردووە و وڵاتیش بەدەست وشکەساڵی و بێئاوییەوە گرفتارە.

روباری "زایندە رەوەد" دەکەوێتە ناو شاری ئەسفەهان و لە رابردوودا سەرچاوەی سەرەکی ئاودێری کشتوکاڵی جوتیارانی شارەکەبووە و لە ئێستادا ئاوەکەی کەمیکردووە و بووەتە جۆگەلە.

کـ. ئـ













گەلەری