رۆژ بە رۆژ هۆشدارییەکان لەهەمبەر مەترسییەکانی کەمبوونەوە و لەناوچوونی رێژەی سەوزایی و دارستانەکان زیاتر دەبن و ئاژانسی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی بەڕازیلیش دەڵێت، "دارستانەکانی ئەمازۆن لەمساڵدا دووچاری مەترسیدارترین رێژەی لەناوچوونی درەخت و رێژەیی سەوزاییەکەی بووەتەوە بەهۆی ئاگرەوە."
لەنوێترین توێژینەوەیدا، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی بەڕازیل راپۆرتێکی لەسەر دۆخی دارستانە چڕ و پڕەکانی ئەمازۆن بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "تەنها لەم ساڵدا، رێژەی لەناوچوونی دارستانەکانی ئەمازۆن بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە بۆ ٢٢٪ بەرزبووەتەوە."
"دارستانەکانی ئەمازۆن" دەکەوێتە وڵاتی
بەڕازیل، زۆربەی رووبەری باکوری رۆژئاوای خاکی بەڕازیل دەگرێتەوە و بەرەو کۆڵمبیا،
پیرۆ و وڵاتانی دیکەی ئەمریکای باشوریش درێژدەبێتەوە، گەورەترین زنجیرە دارستانی سەر
زەوییە و رووبەرەکەی بە ٦.٦ ملیۆن کیلۆمتەری چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت.
بەگوێرەی دوایین
داتای جیهانی، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١دا، نزیکەی ١٣ هەزار و ٢٣٥ کیلۆمتەری
چوارگۆشە لەرووبەری دارستانەکانی ئەمازۆن لەناوچووە، ئەمەش بەرزترین رێژەی لەناوچوونی
رووبەری دارستان و سەوزاییە لەساڵی ٢٠٠٦ەوە.
جاکیۆم لێتی وەزیری
ژینگەی بەرازیل دۆخەکە بە "مەترسیی" لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، "پێویستە
جددیتر بین لەهەمبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژینگە و رووبەرە سەوزاییەکان دەکرێن."
"دارستانەکانی ئەمازۆن" لانکەی نزیکەی
سێ ملیۆن بوونەوەر و رووەکی جۆربەجۆرە، هەروەها یەک ملیۆن مرۆڤیش کە دانیشتووانی رەسەنی
ئەو ناوچەیەن.
دیاردەی بڕینەوە
و کەمبوونەوەی دار و درەختەکانی دارستانی ئەمەزۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ سەردەمی
هاتنە سەر حوکمی ژایر بۆلۆسانارۆی سەرۆکی بەرازیل دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی هانی
چالاکییە کشتوکاڵی و کانزاکارییەکانی دا لە نێو دارستانەکانی ئەمازۆندا.
لەلایەکی تریشەوە،
بەڕازیل بەشداری لە لوتکەی باڵای کەش و هەوای جیهان کرد لە گلاسکۆ و یەکێک بوو لەو
وڵاتانەی بەشداربوو لە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی هەمەلایەنە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی
دیاردەی کەمکردنەوە و لەناوبردنی دارستانەکان.
نەورەس غەریب