سەردێڕ:

خوێندنی باڵای عێراق بەدواداچوون بۆ بڕاوانامەی سێ زانکۆی لوبنانی دەکات

AM:10:54:19/11/2021

5292 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق رایگەیاند، بانگێهشتی پاشکۆی کلتوری باڵیۆزخانەی لوبنانی کردووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پێدانی بڕوانامەی ساختە بەسەدان خوێندکاری عێراقی کە لە نێویاندا ئەندام پەرلەمان و بەرپرس هەن.


ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی هەواڵی فرەنس پرێس بڵاویکردەوە، چاوگێکی ئەکادیمی عێراقی ئاشکرای کردووە زانکۆکانی "زانکۆی مۆدێرن بۆ کارگێڕی و زانستەکان، زانکۆی ئیسلامی لوبنانی، زانکۆی جینان" بەشداربوون لە لێکۆڵینەوەکەدا بەهۆکاری ئەوەی سەدان بڕاوانامەی ساختەیان لەبەرامبەر بڕێک پارە داوەتە خوێندکارانی عێراقی.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەشێکی زۆر لەو خوێندکارانە لەماوەی سەرهەڵدانی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردندا بڕوانامەکانیان بەدەستهێناوە و هیچ کاتێکیش سەردانی وڵاتی لوبنانییان بەمەبستی خوێندن نەکردووە.

چاوگە ئەکادیمییەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆر ئەندام پەرلەمان و بەرپرس بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەرییان لەو سێ زانکۆ لوبنانییە بە دەستهێناوە.

لەلایەن خۆیەوە عەباس حەلەبی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لوبنان بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتەکەی دەستیکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بەرامبەر ئەو زانکۆیانەی بڕانامەی ساختەیان داوەتە خوێندکارە عێراقییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، لێکۆڵینەوە لەو زانکۆ و بڕوانامانە دەکرێت کە گومان هەیە بە مەبەستی بازرگانیکردن بڕوانامەیان بە خوێندکاری عێراقی فرۆشتبێت.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لوبنان وتیشی، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی کێشەکەدان، ئامادەنییە هیچ وردەکارییەک لەسەر دۆسییەکە ئاشکرا بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ١١ی ئەم مانگەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق بڕیارێکی فەرمی دەرکرد لەبارەی هەڵپەساردنی کارکردن بە بڕوانامەی زانکۆکەکانی "زانکۆی مۆدێرن بۆ کارگێڕی و زانستەکان، زانکۆی ئیسلامی لوبنانی، زانکۆی جینان" لوبنانی بەهۆکاری ئەوەی ئەو زانکۆیانە پابەندی پێوەرە زانستییەکان نابن کە بە گوێرەی یاسا دەبێت بڕوانامەکان و پلە زانستییەکان هاوتا دەکرێن.

کـ، ئـ













گەلەری