سەردێڕ:

کۆچبەرێکی گەڕاوە: پێنج ساڵە زانکۆم تەواوکردووە و هاوسەرگیریم کردووە هێشتا بێکارم

گەڕانەوەی کۆچبەران لە سنوری بیلاروسیا-پۆڵەندا
AM:09:04:19/11/2021

7520 جار خوێندراوەتەوە

کۆچبەرێکی خەڵکی شاری کۆیە کە شەوی رابردوو لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوو لە بیلاروسیاوە گەڕانەوە هەرێم رایگەیاند، پێنج ساڵە زانکۆی تەواو کردووە و ماوەی حەوت مانگیشە هاوسەرگیری ئەنجامداوە، بەڵام نە لە حکومی نە لە ئەهلی کاری دەست نەکەوتووە و بۆیە کۆچی کردووە.


خۆگر رەحمان خەڵکی شاری کۆیەیە و یەکێک بوو لەو کۆچبەرانەی لەگەڵ یەکەم کاروانی کۆچبەراندا گەڕایەوە هەولێر، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە، "ئێمە ٢٨ی تشرینی یەکەم لە هەولێرەوە رۆشتین، زۆر ئازار و ناخۆشیمان بینی، بێ نان و خواردن و ئاو و کیسە خەو؛ ماوەی چوار رۆژ لەو جەنگەڵەدا بووین."

باسی لەوەکرد، "سەرەتا لە هەولێرەوە چووینە تورکیا، قاچاغچی پێیان وتین دوو رۆژ بەپێ دەرۆین و دەگەینە خاکی ئەوروپا بەڵام هەشت رۆژ لەو جەنگەڵانەدا بەپێ رۆشتین و هەر نەگەیشتین، ئازار و نەهامەتی زۆرمان بینی و ئاومان لێ بڕابوو ئاوی زەلکاوەکانم دەخواردەوە، دوای ئەو هەموو رێگا بڕینە لە سنوری پۆڵەندا گیراین و بردیانینەوە بۆ سنوری بێلاروسیا، بە زۆر و بە زەبری هێز و بەلێدان بردیانینەوە لیتوانیا دواتر کراینەوە به‌ خاکی بێلاروسیادا، پۆلیسی بێلاروسیا دەستگیریان کردین بە هەموو جۆرێک ئازاریان داین، سەرمایەکی زۆربوو بەڵام ئێمەیان لە ئاوی رووبارەکە هەڵدەکێشا، ئێمە ٩٠ کەس بووین هەموومانیان لە یەک بارهەڵگری سەربازییدا کۆکردەوە نەفەر لەسەر نەفەر دانیشتبووین".

وتیشی، "قاچاغچی ڤیزای لە تورکیا بۆ وەرگرتبووم، خۆم و هاوسەرەکەم نزیکی ١٢ هەزار دۆلارمان خەرج کرد ئۆتۆمبێلێکم هەبوو فرۆشتم و پارەکەی رۆشت".

لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو رێگایەی هەڵبژاردووە و هەوڵیداوە بڕوات بەرەو ئەوروپا، خۆگر باسی لەوەکرد، "پێنج ساڵە زانکۆم تەواو کردووە نە دامەزراوم نە ئیش و کارێکم هەیە، حەوت مانگە هاوسەرگیریم کردووە کارم دەست نەکەوت بۆیە بە ناچاری وتم با سەری خۆم هەڵگرم و بڕۆم، لە بێکاریدا رۆشتم ئەگینا هیچ هۆکارێک نەبوو ئێرە بەجێ بهێڵم، ئێستاش ئەگەر موچەیەکم هەبێت لەم کوردستانە هەر کەسێک یان بەرپرسێک مانگی ٤٠٠ هەزار دینارم بداتێ لێرە دادەنیشم، بەڵام ئێستا هەر لە فڕۆکەکەدا بڕیارم داوە هاوین بەڕێگای ئاویدا دەڕۆمەوە، لەو رێگایە یان دەرچم یام دەمرم."

شەوی رابردوو کاروانی یەکەمی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەیەکە لەسەر سنوری بێلاروسیا-پۆڵەندا گیریان خواردبوو گەڕانەوە هەرێم.

ژمارەی کۆچبەرە گەڕاوەکان ٤٣١ کەس بوون، ٤٢٢ یان کۆچبەری کوردی هەرێمی کوردستان بوون و نۆ کەسیشیان عەرەب بوون و لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گوازرانەوە بۆ بەغدا.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی دیکە کە هێشتا لە سنورەکانی بێلاروسیا و پۆڵەندا ماون و بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت و دەهێندرێنەوە.

بەشێی زۆری ئەو کۆچبەرانە باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی دۆخی ئابوری و خراپی گوزەران و بێ کاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانکردنەوە ئەو رێگایەیان هەڵبژاردووە و هەندێکیان دەڵێن، کە دووبارە ئامادەن ئەو رێگایە بگرنەوەبەر.

ماوەیەکە کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ وڵاتانی ئەوروپا رووی لە زیادبوون کردووە و هاوڵاتیانیش باس لەوەدەکەن، کە ژیانکردنیان لێرە سەختە و حکومەت هاوکاریان نییە و ئاسانکاریی بۆ گەنجان ناکات لە دەستکەوتنی کار و دامەزراندن، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بوونی نییە و پێداویستییە سەرەتاییەکان ئاسان دەستی هاوڵاتیان ناکەوێت.

نرخی پێداویستی و شت و مەک بەرزە و سەرەڕای بەرزی نرخی نەوت و دۆلار، بەڵام حکومەت لەکاتی خۆیدا موچەی موچەخۆران نادات و کەم کەرت هەیە پەکی نەکەوتبێت.

لەبەرامبەریشدا حکومەت هۆکاری کۆچی هاوڵاتیان دەخاتە پاڵ بوونی شەڕی پەکەکە لە ناوچەکەدا و دەڵێت، گوایە هەلی کارێکی زۆریان بۆ گەنجان رەخساندووە.

هـ.ئـ












گەلەری