سەردێڕ:

ئەڵمانیا لەبارەی وەرگرتنی کۆچبەرانەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند

PM:11:17:18/11/2021

180712 جار خوێندراوەتەوە

ئەڵمانیا نوێترین هەڵوێستی خۆی لەبارەی وەرگرتنی کۆچبەرانەوە راگەیاند و رەتیدەکاتەوە کە کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوسیا وەربگرن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆرست سیهۆفەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا لە وارشۆ کۆبووەوە و دواتر رایگەیاند، "ئێمە ئەو کۆچبەرانە وەرناگرین کە ئێستا لەسەر سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندادان."

ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە لە رووی ئابوورییەوە دەوڵەمەندە، لە ئەگەری کردنەوەی سنوورەکاندا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە زۆرینەی کۆچبەران دەیانەوێت بۆ ئەو وڵاتە بڕۆن.

هەر ئەمڕۆ، سەرۆکایەتی بیلاڕوسیا رایگەیاند، نزیکەی حەوت هەزار کۆچبەر لەناو خاکی وڵاتەکەیاندا هەن، ئەوانیش ئامادەنین هیچ کۆچبەرێک بە زۆر بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوتا پۆڵەندییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و نوسینگەی مستەفا کازمی دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا بەڵێنیداوە کێشەی کۆچبەرانی عێراقی سەر سنورەکانی وڵاتەکەی بەشێوەیەک چارەسەر بکرێت کە رێزی کۆچبەران بگیرێت.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.













گەلەری