پاسەوانی سنوری پۆڵەندا رایگەیاند، ٢٠٠ کۆچبەرییان لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەیان و بیلاڕوسیادا دەستگیرکردووە کە "بە شێوەیەکی نایاسایی" چوونەتە ناو خاکی پۆڵەنداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پاسەوانی سنوری پۆڵەندا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەر هەوڵییانداوە سنورەکانی نێوان ئەو وڵاتە و بیلاڕوسیا تێپەڕێنن و بڕۆنە ناو خاکی پۆڵەنداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
"٢٠٠ کۆچبەر توانیویانە سنورەکان ببەزێنن و خۆیان بگەیەننە ناو خاکی پۆڵەنداوە،
کە دواتر لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون."
ئەمە لەکاتێکدایە،
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا
و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر
سنور زیاتر کردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی
پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان
دەڵێن.
کۆچبەران باس لەوەدەکەن،
بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی
زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
کۆچی ئەمجارەی
هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە
چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان
سنور گیانیان لەدەستدا.
کـ. ئـ