وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم تا ئێستا ١٠ قاچاخچی دەستگیرکردووە و ئەو کەسانەی رۆشتوون بۆ بیلاڕوسیا فێڵیان لێکراوە."
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوسیا کراون بە قوربانی قاچاخچییەکان و ئەو کەسانەی رۆشتوون بۆ بیلاڕوسیا فێڵیان لێکراوە"، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم تا ئێستا ١٠ قاچاخچی دەستگیرکردووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەسانێک ویستیان ناوبانگی هەرێم
لەکەداربکەن بەڵام ئەنجامەکەیان بەدی نەهات"، دەشڵێت، "ئەمڕۆ
لە بیلاڕوسیاوە ٤٣١کەس دەگەڕێنەوە کە ٩٥٪یان هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانن."
راشیگەیاندووە، "حکومەتی هەرێم هەوڵی جدی دەدات
کە رێژەی کۆچکردن کەمبکاتەوە و بەدواداچوون بۆ قاچاخچییەکان دەکەین."
جوتیار عادل وتووشیەتی، "حکومەتی هەرێم لە دوو ساڵی
رابردوودا هەوڵی داوە دۆخی سیاسی و ئابوری بە باشترین شێوە بەڕێوەببات و لە ماوەی
کابینەی نۆیەمدا رێژەی کۆچکردن کەمیکردبوو."
باسی لەوەشکردووە، "ئەو کەسانەی رۆشتوون بۆ
بیلاڕوسیا فێڵیان لێکراوە و پێیان وتراوە کە دەتوانن لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێ
بن، بەڵام ئەم بابەتە ئەسڵ و ئەساسی نییە."
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا
و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی
لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا
روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.
کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی
کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو
وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج
و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی
١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.