سەردێڕ:

بەڵێنێک لە سەرۆک وەزیرانی پۆڵەنداوە بۆ کۆچبەران

PM:06:40:18/11/2021

104552 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوتا پۆڵەندییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و نوسینگەی مستەفا کازمی دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا بەڵێنیداوە کێشەی کۆچبەرانی عێراقی سەر سنورەکانی وڵاتەکەی بەشێوەیەک چارەسەر بکرێت کە رێزی کۆچبەران بگیرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ماتوش مۆرافیتسکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوەشدا، "لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی نێوانیان باسیان لە رێگە و شێوازەکانی چارەسەر کردنی کێشەی کۆچبەرانی عێراق کردووە."

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، "ماتوش مۆرافیتسکی بەڵێنیداوە کێشەی کۆچبەرانی گیرخواردووی عێراقی لەسەر سنورەکانی وڵاتەکەی بەشێوەیەک چارەسەر بکرێت کە رێزی کۆچبەران بگیرێت و دۆخ و گوزەرانیان بەهەند وەربگیرێت و بپارێزێت."

ئەوەش هاتووە، مستەفا کازمی و ماتوش مۆرافیتسکی لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و پۆڵەندا لەلایەک و پەیوەندی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا لەلایەکی دیکە گفتوگۆیان کردووە.

لە پەیوەدنییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا پێداگرییان کردووە لە سەر رۆڵ و هاوکاری یەکێتی ئەوروپا لە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق و هاوکاری کردنی زیاتر لە داهاتوودا.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا و بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم و عێراق.

کـ. ئـ













گەلەری