سەردێڕ:

بەهۆی گواستنەوەی کۆچبەری عێراقییەوە؛ پۆڵەندا سزای بەسەر کەسێکدا سەپاند

PM:05:47:18/11/2021

7240 جار خوێندراوەتەوە

دادگای پۆڵەندا سزای دوو مانگ زیندانی بەسەر ھاوڵاتییەكی سوری دانیشتوی ئەڵمانیادا سەپاند پاش ئەوەی نۆ كۆچبەری عێراقی گواستووەتەوە بۆ ناو پۆڵەندا.


پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند، سزاکەی دادگا دوای ئەوە هاتووە بەشێوازی نایاسایی ئەو کەسە لە رێگەی بازگەیەکەوە کۆچبەری گواستووەتەوە، دەشڵێت، تەنانەت دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادارکراوەتەوە ئامادە نەبووە بوەستێت.

باسی لەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممە پۆلیس توانیویەتی پاسەکەی بوەستێنێت لە شەقامی بیلسک پۆدلاسکی پۆڵەندا، بەڵام دوای ئەوەی پاسەکەی وەستیندراوە ویستوویەتی بەپێ رابکات و دواتر دەستگیرکراوە.

پۆلیسی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو پاسەکەدا نۆ کەس بوونیان هەبووە کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بوون و ژن و منداڵی تێدابووە بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە ناو پۆڵەنداوە، کە دوو لە کۆچبەرەکان براون بۆ نەخۆشخانە و حەوتەکەی دیکەیان رادەستی پۆلیسی سنورکراونەتەوە.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا و بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم و عێراق.













گەلەری