سەردێڕ:

هۆشدارییەک لە موقتەدا سەدرەوە بۆ گروپە چەکدارییەکان

PM:05:17:18/11/2021

8164 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، دەبێت سەرجەم گروپە چەکدارییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، دەشڵێت، "هەموو جیهان پاکی هەڵبژاردنی عێراقیان بینی."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە وتارێکدا رایگەیاند، دەبێت سەرجەم گروپە چەکدارەکان هەڵبەوەشێنرێنەوە و چەکەکانیان رادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە.

موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە، "پێویستە حەشدی شەعبی لە چەکدار و گروپە بێ سەرەوبەرەکان پاکبکرێتەوە."

حەشدی شەعبی ساڵی ٢٠١٤ لە ژمارەیەک گروپ و چەکداری خۆبەخش کە زۆرینەیان شیعەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا و لە ئێستادا بەشێکە لە هێزە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا رێکخراون و پێشتر سەرۆکی دەستەکە ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئاشکراکرد و وتی، "ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی ١٤٩ هەزارە کە ٤٠ هەزاریان لە ناوچەکانی رۆژئاوان کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سونە مەزهەبن."

 

لە ماوەی رابردوودا، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بەردەوام بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراقدا دەکرانە ئامانج.

لای خۆشییەوە، ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات کە چەندین جار هەڕەشەی کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە ئەگەر عێراق جێنەهێڵن.

سەرۆکی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشدا، "هەموو جیهان شایەتین لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی پەرلەمانی عێراق." 

داواشی لەو لایەنانە کرد ئارەزوی چوونە ناو حکومەت دەکەن لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن کە گومانی گەندەڵییان لێدەکرێت و بە گەندەڵکار ناویان هاتووە.

باسی لەوەشکرد، ئەوان کاردەکەن بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بۆ کابینەی داهاتووی عێراق.

لەبارەی ئەو پارت و لایەنانەی نەیانتوانیوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەرکەوتن بەدەسبهێنن، موقتەدا سەدر دەڵێت، "سەرنەکەوتنتان لە هەڵبژاردندا کۆتایی هاتنی عێراق نییە، ئەمەش بەواتای ئەوەیە نابێت سەرنەکەوتنتان بەواتای کۆتایی هاتنی دیموکراتی و تێکچوونی وڵاتبێت لە ئێستا و داهاتوودا."

وتووشییەتی، "دوو بژاردە لەبەردەمماندا هەیە یان بەژداریکردن و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی یان بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی."

مانگی رابردوو هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و تیایدا رەوتی سەدر توانی زۆرینەی پەرلەمانی عێراق بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی.













گەلەری