وڵاتانی گروپى حەوت دژایەتی خۆیان بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە بۆ وڵاتانی دیکە راگەیاند.
وەزیرانى دەرەوەى گروپى حەوت لە راگەیەنراوێکدا رایانگەیاند، "دژى هەوڵەکانى بیلاروسیاین لە پەڕاندنەوەى کۆچبەران بۆ سنورى وڵاتانى یەکێتی ئەوروپا."
ئاماژەیان
بەوەشکردووە، "بیلاڕوسیا ژیانى کۆچبەرانى خستووەتە مەترسییەوە
و داوادەکەین بەپەلە دەستهەڵبگرێت لە هەنگاوە
شەڕاگێزییەکانى بەرامبەر کۆچبەران."
باسیان لەوەشکردووە،
"پێویستە رێگریی نەکرێت لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە گەیاندنى هاوکاری مرۆیی
بە کۆچبەران."
ماوەیەکە دیاردەی
کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا
دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و
دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا
بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.
کۆچبەران باس لەوەدەکەن،
بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی
زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
کۆچی ئەمجارەی
هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە
چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان
سنور گیانیان لەدەستدا و بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە
بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم و عێراق.