ئەندامێکی پەرلەمانی بیلاروسیا ئاشكرای کرد لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا بڕیاریانداوە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کۆچبەران دابین بکەن بە مەبەستی پاراستنی گیانی کۆچبەران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤیکتۆر لیسکۆفیتش ئەندامی پەرلەمانی بیلاروسیا کە سەرۆکایەتی لیژنەی پەروەردە و زانست و رۆشنبیری پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات، ئاماژەى بەوە کرد "کۆچبەران خۆیان داوای دابینکردنی ژەمە ڤاکسینیان کردووە و لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بریاردراوە بۆیان دابین بکرێت".
لیسکۆفیتش باسی لەوەشکردووە، لەماوەی ١٠ رۆژی
مانەوەی کۆچبەران لەسەر سنور تووشی نەخۆشی جیاوازبوون و ژمارەی توشبوون بە نەخۆشییەکان
تیایاندا زیادی کردووە.
پەرلەمانتارەکەى بیلاروسیا وتیشی، "بەنیازن
ناوەندێکی بچوکی ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوچەی نزیک دەروازەی بورزگی بکەنەوە و بارهەڵگرێک
بنێرنە نزیکیان بۆ دابینکردنی خواردن و پێداویستییەکانی رۆژانەیان".
هاوکات، سیناتۆرێکی بیلاروسیاش دەڵێت، "لەمڕۆوە
دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر کۆچبەراندا دەست پێدەکات لەپێناو پاراستنی تەندروستییان".
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی ھاوڵاتییانی ھەرێم و عێراق
بۆ بیلاروسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوھۆیەوە پۆڵەندا
ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاترکردووە و دوێنێش پێکدادان لەنێوان کۆچبەران و
سەربازانی پۆڵەندا روویدا و بەوتەى دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە حەوت سەربازی پۆڵەندا
بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون.