لە شارى کەرکوک و لە گەڕەکى شۆراو چەند چەکدارێکى نەناسراو دەچنە سەر ماڵێک و ژن و پیاوى ماڵەکە دەکوژن و ئۆتۆمبیلەکەیان دەدزن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێکى ئەمنى لە شارى کەرکوک بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند "لە گەڕەکى شۆراوى شارى کەرکوک چەند چەکدارێکى نەناسراو ژن و پیاوێک دەکوژن".
وتیشى "چەکدارە
نەناسراوەکان پیاوەکەیان سەربڕیوە و ژنەکەشیان بە فیشەک کوشتووە و پاشان ئۆتۆمبێلێکیان
لە ماڵەکە دزیوە و هەڵهاتوون".
چاوگە ئەمنییەکە
روونیکردەوە "دواى رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلە دزراوەکەیان لە
گەڕەکى پەنجا عەلى دۆزییەوە".
بەگوێرەى وتەى چاوگە
ئەمنییەکە پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵى
دۆزینەوە و دەستگیرکردنى تاوانبارەکاندان.
دیار محەمەد، کەرکوک