سەردێڕ:

پۆلیسى پۆڵەندا دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەى چەند کۆچبەرێکى بۆ سنورى بیلاروسیا راگەیاند

PM:01:06:18/11/2021

5484 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسى پۆڵەندا راگەیەندراوێکى لەبارەى هەوڵى بەزاندنى سنور لەلایەن کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سنورى بیلاروسیا بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە چەند کۆچبەرێک دیپۆرتى بیلاروسیا کراونەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزى سنورپارێزى پۆڵەندا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "دوێنێ ٥٠١ ھەوڵی بەزاندنی سنور دراوە و ٣١ كۆچبەر دیپۆرتى سنوری بیلاڕوسیا كراونەتەوە".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "چەند ھەوڵێكیش بەشێوەی گروپ و كۆمەڵ دراوە بۆ بەزاندنی سنور كە زۆرترینیان ٥٠٠ كەسی بووە".

ئاماژە بەوەش کراوە "سێ قاچاخچیشیان دەستگیركردووە كە چیچانی و جۆرجی و سوری بوون و ھەوڵیانداوە كۆچبەران بگوازنەوە، ٢٢ كۆچبەریش لە ناو خاكی پۆڵەندا دەستگیركراوون".

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، عێراق یەکەم گەشت بۆ گەڕاندنەوەى ئارەزوومەندانەى بەشێک لە کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سنورى بیلاروسیا ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "بەڵگەنامەى گەشتکردنى ٤٣٠ کۆچبەرى عێراقى گیرخواردووى سنورى بیلاروسیا تەواوکراوە و ئەمڕۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق".

وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق روونیکردەوە کە تیمەکانى کونسوڵخانەى عێراق لە بیلاروسیا بەردەوامن لە تۆمارمردنى ٥٠ کۆچبەرى دیکە کە داواکارى گەڕانەوەیان پێشکەش کردووە.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتەکە هەموو هەوڵێکى خۆى دەدات بۆ کارئاسانیکردنى گەڕاندنەوەى ئارەزومەندانەى ئەو کۆچبەرە عێراقییە گیرخواردووانەى سنورى بیلاروسیا و پۆڵەندا.

پێشتریش ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەمین کاروانی کۆچبەرانی وڵاتی بیلاڕوسیا بگەڕێنەوە هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆچبەرانەی دەگەڕێنرێنەوە ژمارەیان نزیکەی ١٨٠ کۆچبەرە لە فڕۆکەخانەی مینسکی بیلاڕوسیا دەگەڕێندرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.













گەلەری