سەردێڕ:

لە ئەمریکاوە پارە بۆ عێراق هات

AM:09:08:24/07/2021

8336 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی ١٥٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی دەداتە عێراق و بەمەش لە تێکڕای کۆمەک و هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "ئەمریکا خۆشحاڵە بە راگەیاندنی پێدانی ١٥٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بە گەلی عێراق و ئاوارەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و ئەو کۆمەڵگانەی میوانداری کردوون و داڵدەی داون."

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بەهاوکاری کردنی عێراق بەم گوژمە پارەیە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، بڕی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوەکەیدا راشیگەیاندووە، "ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار هاوکاری عێراق و ناوچەکەی کردووە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسییەک کرد و لە نێویشیاندا تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا.

لەلایەن خۆشییەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممەی داهاتوو پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

بڕیارە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکا بکات بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق گفتوگۆبکەن.













گەلەری