سەردێڕ:

راوێژکارێکی کازمی: ٩٠ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون و هەزار خوێندنگە دروستدەکرێن

AM:08:41:24/07/2021

2748 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەى رێککەوتنی نێوان عێراق و چیندا چوار پرۆژەى گەورە جێبەجێدەکرێن، لەوانەش دروستکردنى ٩١ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون.


سەباح عەبدولەتیف راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری بونیاتنانەوە بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاندووە، چوار پرۆژەى گەورە جێبەجێدەکرێن کە یەکێک لەوانە دروستکردنى ٩١ هەزار یەکەى نیشتەجێبوونە لە مەدینە سەدری بەغدا بە گوژمەى هەشت ملیار دۆلار.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەدا هەزار خوێندنگە لە تەواوی عێراقدا دروستدەکرێن، ئەوە جگە لە پرۆژەکانى ئاوەڕۆ لە چوار ناوچەى بەغدا.

راوێژکارەکەى کازمی باسی لەوەشکردووە، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وڵاتى چین کراوەیە تا ئەو کاتەى یەکێک لە لایەنەکان داواى وەستاندنى دەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کێشە یاساییەکانى رێککەوتنەکە چارەسەرکراون و لە دوو رۆژى رابردوودا دەستکراوە بە دانانى پارەى عێراق کە بریتییە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە لە سندوقى سیادى و بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان دەکرێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق و ئەمریکا لە خولى چوارەم و کۆتایی گفتوگۆى ستراتیژیدان کە جگە لە بابەتى ئەمنى و سەربازیى چەندین بوارى وەک ئابورى و پەروەردە و تەندروستى لەخۆدەگرێت.













گەلەری