سەردێڕ:

عێراق هاوردەکردنی چەند بەروبومێکی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات

PM:11:27:16/11/2021

4160 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی بەرهەمەکانی تەماتە و سپێناخ و شێلم و چەوەندەر و گێزەر و تور و کاهو قەدەغە کراون، بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی دەتوانێت پێداویستی هاوڵاتییان پڕبکاتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، دوو رۆژ پێش ئێستا دەستیانکردووە بە قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەمڕۆشەوە شەش بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی کە بریتین لە سپێناخ و شێلم و چەوەندەر و گێزەر و تور و کاهو هاوردەکردنیان دەقەغە کراوە و بەمەش لە ئێستادا ٢١ بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردەکردنیان قەدەغە کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری قەدەغە کردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران بەردەستە و دەتوانن پێداویستی ناوخۆیی دابین بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوەشکرد، لە مانگی کانونی یەکەمی داهاتوودا هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی دیکەی کشتوکاڵی قەدەغە دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق چەند جارێکی دیکە بەهۆی بەردەست بوونی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ و پڕکردنەوەی پێداویستی دانیشتووان، هاوردەکردنی بەرهەم و بەروبومە کشتوکاڵییەکانی قەدەغە کردووە بە ئامانجی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.

کـ. ئـ













گەلەری