سەردێڕ:

عێراق ١٧٠ کۆچبەر لە بیلاروسیاوە دەگەڕێنێتەوە وڵات

PM:02:24:16/11/2021

7056 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ١٧٠ کۆچبەر لە سنورەکانی بیلاروسیا ناوی خۆیان تۆمارکردووە بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە وڵات.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، ١٧٠ کۆچبەر لە سنورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا ناوی خۆیان تۆمارکردووە تا بەشێوەی ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە وڵات.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا ٥٥ پاسپۆرتییان داوەتە کۆچبەران بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵات.
لە راگەیەنراوەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ھاتووە، دبلۆماتکارە عێراقییەکان سەرقاڵی تەواوکردنی ھەماھەنگییە لۆجستییەکانن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانە لە منسکی پایتەختی بیلاروسیا بۆ ئەنجامدانی گەشتە تایبەتەکان بۆ گێرانەوەی گیرخواردوان لەو وڵاتە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی پێنجشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەم گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە گیرخواردووەکانی سنوری بێلارووس و پۆڵەندا ئەنجام دەدات.
ھاوکات، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ئەلئیخبارییەی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد "وەزارەتی دەرەوەی عیراق ٥٧١ کۆچبەری عێراقی لە سنورەکانی بێلارووس تۆمارکردووە کە بەسەر ھەشت کەمپدا دابەشبوون".
وتیشی "بەھۆی ئەوەی سنوری بێلارووس ٦٨٠ کیلۆمەتر درێژە ئاسان نییە بەوردی بزانن ژمارەی راستەقینەی کۆچبەرە عێراقییەکان چەندە کە گەیشتوونەتە سنوری ئەو وڵاتە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کۆچبەران لە رێگەی تورکیا و ئیمارات و میسر و قەتەرەوە بەرەو بیلاروسیا گەشتدەکەن و لەوێشەوە بەرەو سنورەکانی پۆڵەندا و لاتیڤیا و لیتوانیان کۆچدەکەن.
دوابەدوای ئەوەش، کۆمپانیای بیلافیای فڕۆکەوانی کە لەلایەن حکومەتی بیلاروسیاوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، حکومەتی ئیمارات لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە بڕیارەکەی دەرکردووە.
رۆژی ھەینی رابردووش حکومەتی تورکیا بەھۆی کێشەی کۆچبەرانەوە لەسەر سنورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا، گەشتکردنی گەشتیارانی عێراقی و سوری و یەمەنی و ئەفغانی لە وڵاتەکەیەوە بۆ بیلاروسیا راگرت.

کـ ، ئـ












گەلەری