ھەردوو سەرۆکانی ئەمریکا و چین بۆ سێیەم جار لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە دیداری لوتکەی نێوانیان ئەنجامدا بەمەبەستی دوورخستنەوەی ھەردوو وڵات لە بەریەککەوتنی راستەوخۆ و قوڵبوونەوەی ململانێکانی نێوانیان.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە دیداری لوتکەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جینگ پینگ سەرۆکی چین لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو بەمەبەستی "گفتوگۆکردنی راشکاوانە"ی نێوانیان.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "پێویستە لەسەرمان زۆر راشکاو و خاوەن متمانە بەیەک بین لەسەر ئەو بابەتانەی ناکۆکین تێیاندا وەک دۆسیەی گۆڕانی کەشوھەوا".
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە پێداگری بکەن لەسەر ئەوەی ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان نەیانگەیەنێت بە قۆناغی بەریەککەوتنی مەبەستدار و بێ مەبەست، بەڵکو تەنھا لە چوارچێوەی ململانێدا بمێنێتەوە.
وتیشی، "پەیوەندییەکانمان بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر ھەردوو دەوڵەتی ئەمریکا و چین دەبێت و ئەمەش بەرامبەر ھەردوو گەلی ئەمریکی و چینی و ھەموو جیھانیش بەرپرسیارێتییە".
لەبەرامبەردا شی جینگ پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، دەبێت ھەردوو لا پەیوەندییەکانیان پتەوبکەن و لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی مامەڵە لەگەڵ یەکتربکەن بە ئامانجی سەقامگیری ئاشتی لە جیھاندا، ئەمەش خواستی ھەردوو گەلی ئەمریکا و چین و جیھانیشە.
بەڵێنی بە بایدنیشدا، لەبارەی ھەنگاونانی ئەرێنییەوە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ھەردوو لا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا، سازکردنی لوتکەی نێوان چین و ئەمریکا بە ئامانجی دورخستنەوەی دوو وڵاتبووە لە ئەگەری بەریەککەوتن. ھاوکات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی چین باسی لەوەکرد، ھەردوو سەرۆک بەشێوەیەکی قوڵ و راشکاو لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆدەکەن کە لەنێوان دوو وڵاتدا گرنگن لە ساتێکدا ھەردوو لا بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێپەڕدەبن.
ئەمە سێیەم دیداری لوتکەی نێوان چین و ئەمریکایە بەرێوەدەچێت لەدوای دەستبەکاربوونی جۆبایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو دۆسیانەی ھەردوولا ناکۆکن لەسەریان وەک ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان و مافەکانی مرۆڤ و تایوان.
کـ ، ئـ