سەردێڕ:

روسیا دەستپێشخەرییەکى بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران راگەیاند

PM:03:02:15/11/2021

33744 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی کرملن رایگەیاند، روسیا ئامادەیە نێوەندگیری بکات لە نێوان بیلاروسیا و یەکێتی ئەوروپا وەک دانوستانکارێک بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لەسەر سنوری بیلاروسیا.


ئەمرۆ دووشەممە، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژ بەناوی کۆشکی کرملنەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، وڵاتەکەى دەتوانێت هاوکاربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لە سنوری بیلاروسیا.

ئاماژەی بەوەشدا، روسیا دەتوانێت وەک دانوستانکارێک نێوەندگیری لەنێوان بیلاروسیا و یەکێتی ئەوروپادا بکات.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریکاوە، دیمیتری بیسکۆڤ ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا کێشەی کۆچبەران بە خراپ لێکدەداتەوە.

وتەبێژ بەناوی کۆشکی کرملن ئەوەشی خستەڕوو، ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی روسیا و ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا بەردەوام لە پەیوەندیدان و زانیاری پێویستیان ئاڵوگۆڕ پێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی ئەگەری گرتنەوەی غازی روسیا لە یەکێتی ئەوروپا لەلایەن بیلاروسیاوە، دیمتری بیسکۆڤ وتی، بیلاروسیا وڵاتێکە خاوەنی سەروەری خۆیەتی و ئەو هەنگاوەش لە ڕوی تیۆرییەوە ئەگەرێکی کراوەیە. هاوکات، پابەندبوونی روسیای بە هەناردەکردنی غاز بۆ بەکاربەرە ئەوروپییەکانی دووپاتکردەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەردەوام لێشاوی نوێی کۆچبەران دەگەنە سەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا، لەبەرامبەردا، حکومەتی بیلاروسیا یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ کۆچبەران زیادکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، جگە لە دابەشکردنی خێمە و دروستکردنی کەمپی مانەوە بۆیان، نەخۆشخانەی مەیدانی بۆ کردوونەتەوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، برۆکسل و مینسک لەگفتوگۆی راستەوخۆدان لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران و لەو چوارچێوەشدا، جۆزێپ بۆریڵ کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و ئەمنی یەکێتییەکە لەگەڵ ڤلادیمێر ماکی وەزیری دەرەوەی بیلاروسیا پەیوەندی تەلەفۆنییان سازکرد.

لەلایەن خۆیانەوە، ھەریەک لە پۆڵەندا و لاتیڤیا و لیتوانیا داوای بەستنی بەپەلەی کۆبوونەوەی پەیمانی باکوری ئەتڵەنتیکی "ناتۆ" دەکەن لەبارەی کێشەی کۆچبەران لەسەر سنورەکانی بیلاروسیا و ئەو وڵاتانە.

لەبارەی دەنگۆی وەرگرتنی کۆچبەران و گواستنەوەیان بۆ ئەڵمانیا، حکومەتی ئەو وڵاتە سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و ھەواڵانەی رەتکردەوە و بە ناڕاستی دانان و لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیامێکی بە زمانی کوردی بۆ کۆچبەرانی کورد بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، کە ئەڵمانیا پاسی ناردووە بۆ ھێنانی خەڵک لە بیلاروسیاوە و لەرێی پۆڵۆنیاوە راست نین"، دەشڵێت، "ئەوانەی ئەم درۆیانە بڵاودەکەنەوە خەڵکی دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەڵمانیا ئارەزوو دەکات کۆچبەران لە کەمپەکانییانەوە بۆ ئەو وڵاتە بگوازێتەوە، ئەوا حکومەتەکەی ئامادەیە فڕۆکەی تایبەتییان بۆ تەرخان بکات و بەشێوەی راستەوخۆ بێ ئەوەی بە خاکی پۆڵەندادا تێپەڕببن بیانگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

ھەر ئەمڕۆش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە رۆژی پێنجشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەم گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە گیرخواردووەکانی سنوری بێلارووس و پۆڵەندا ئەنجام دەدات.

کۆمپانیای بیلافیای فڕۆکەوانی کە لەلایەن حکومەتی بیلاروسیاوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، حکومەتی ئیمارات لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە بڕیارەکەی دەرکردووە.

ھەروەھا، لەلایەن خۆیانەوە، دەسەڵاتدارانی ئیمارات بڕیاریاندا چیدیکە رێگەنەدەن گەشتیارانی عێراقی و سوری و یەمەنی و ئەفغانی لەو وڵاتەوە بەرەو بیلاروسیا گەشت بکەن.













گەلەری