سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. کەوتنەوەی ئاگر لە چەندین ناوچەی جیاواز لە لوبنان

PM:01:04:15/11/2021

2408 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین ئاگر لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان کەوتنەوە و بەشێک بوونەتە ھەڕەشە لەسەر ژیانی دانیشتوان و دەشڵێن، "کەوتنەوەی ئاگرەکان دەستی لەپشتە و تێکدەرانەیە".


لەچەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەتەوە، لەچەند ناوچەیەکی جیاواز لە لوبنان ئاگر کەوتووەتەوە.
باشوری لوبنان پشکی شێری لە ئاگرکەوتنەوەکاندا بەرکەوتووە، بەشێوەیەک لە رۆژی شەممەوە ھەریەک لە ناوچەکانی قەسیبە و سور و ناوچەی نێوان زرارییە و سیری خۆرئاوا و دۆڵی حەزییە و حەنییە و خەراج مەجدەل و چەند ناوچەیەکی دیکە ئاگر کەوتووەتەوە و بەشێک لە دانیشتوانی ناچارکردووە ماڵەکانیان چۆڵبکەن.
ئێوارەی دوێنێ ئاگر لە خۆرئاوای لوبنان کەوتەوە و مەترسی بۆسەر ناوچەی دانیشتوان و کشتوکاڵی دروست کرد و  ھاوڵاتییان داوای بەدەمەوەچوونیان دەکرد.
ھەروەھا، لە پارێزگای جەبەل لوبنان ئاگر کەوتەوە و بەھۆی کێشەی کەمی ئاوەوە نەتوانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت و لە ناوچەی دانیشتوان نزیک بووە.
بەشێک لە دانیشتوان کەوتنەوەی ئاگرەکان بە مەبەستدار دەزانن و دەڵێن، "کەوتنەوەی ئاگرەکان دەستی لەپشتە و تێکدەرانەیە".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، جگە لە تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروت، لوبنان بە دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری  و ئەمنی و چەندین قەیرانی نەبوونی کارەبا و سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی سەرەکی و دەستنەکەوتنی ناندا تێپەڕدەبێت، جگە لە بەردەوامی پێکنەھێنانی حکومەتی ئەو وڵاتە کە قەیرانەکانی ئاڵۆزترکردووە.

کـ ، ئـ












گەلەری