لە ئاکامی بەردەوام خراپبوونی دۆخی گوزەران و تەندروستی کۆچبەران لە سنوری بیلاروسیا و توندتربوونی گرژییەکانی نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا جموجوڵە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان خێراتر و گەرموگوڕتربوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە نێودەوڵەتییە.
بەردەوام لێشاوی نوێی کۆچبەران دەگەنە سەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا، لەبەرامبەردا، حکومەتی بیلاروسیا یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ کۆچبەران زیادکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، جگە لە دابەشکردنی خێمە و دروستکردنی کەمپی مانەوە بۆیان، نەخۆشخانەی مەیدانی بۆ کردوونەتەوە.
ھەروەھا، حکومەتی بیلاروسیا، بنکەی تایبەت بە مانەوەی رۆژنامەنوسان کردووەتەوە و داواش لە کۆچبەران دەکات پاک و خاوێنی ناوچەکە بپارێزن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، برۆکسل و مینسک لەگفتوگۆی راستەوخۆدان لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران و لەو چوارچێوەشدا، جۆزێپ بۆریڵ کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و ئەمنی یەکێتییەکە لەگەڵ ڤلادیمێر ماکی وەزیری دەرەوەی بیلاروسیا پەیوەندی تەلەفۆنییان سازکرد.
لەلایەن خۆیانەوە، ھەریەک لە پۆڵەندا و لاتیڤیا و لیتوانیا داوای بەستنی بەپەلەی کۆبوونەوەی پەیمانی باکوری ئەتڵەنتیکی "ناتۆ" دەکەن لەبارەی کێشەی کۆچبەران لەسەر سنورەکانی بیلاروسیا و ئەو وڵاتانە.
ھاوکات، حکومەتی لاتیڤیا لەلایەن خۆیەوە دەستی کردووە بە نمایشی سەربازی بەدرێژایی سنورەکانی لەگەڵ بیلاروسیادا و لەلایەکی دیکەوە، ئۆکرانیاش ھێزی رەوانەی سنورەکانی لەگەڵ بیلاروسیادا کردووە.
لەبارەی دەنگۆی وەرگرتنی کۆچبەران و گواستنەوەیان بۆ ئەڵمانیا، حکومەتی ئەو وڵاتە سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و ھەواڵانەی رەتکردەوە و بە ناڕاستی دانان و لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیامێکی بە زمانی کوردی بۆ کۆچبەرانی کورد بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، کە ئەڵمانیا پاسی ناردووە بۆ ھێنانی خەڵک لە بیلاروسیاوە و لەرێی پۆڵۆنیاوە راست نین"، دەشڵێت، "ئەوانەی ئەم درۆیانە بڵاودەکەنەوە خەڵکی دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەڵمانیا ئارەزوو دەکات کۆچبەران لە کەمپەکانییانەوە بۆ ئەو وڵاتە بگوازێتەوە، ئەوا حکومەتەکەی ئامادەیە فڕۆکەی تایبەتییان بۆ تەرخان بکات و بەشێوەی راستەوخۆ بێ ئەوەی بە خاکی پۆڵەندادا تێپەڕببن بیانگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا.
ھەر ئەمڕۆش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە رۆژی پێنجشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەم گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە گیرخواردووەکانی سنوری بێلارووس و پۆڵەندا ئەنجام دەدات.
کۆمپانیای بیلافیای فڕۆکەوانی کە لەلایەن حکومەتی بیلاروسیاوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، حکومەتی ئیمارات لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە بڕیارەکەی دەرکردووە.
ھەروەھا، لەلایەن خۆیانەوە، دەسەڵاتدارانی ئیمارات بڕیاریاندا چیدیکە رێگەنەدەن گەشتیارانی عێراقی و سوری و یەمەنی و ئەفغانی لەو وڵاتەوە بەرەو بیلاروسیا گەشت بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لێشاوی کۆچبەرانی ئاسیایی و ئەفریقی لە رێگەی وڵاتی بیلاروسیاوە بۆ یەکێتی ئەوروپا کێشە و گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپادا دروست کردووە. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان یەکێتی ئەوروپا لە بیری ئەوەدایە سزاکانی سەر بیلاروسیا توندتربکات.
کـ ، ئـ