سەردێڕ:

تەرمی هەشت کۆچبەر دۆزرانەوە

AM:08:51:15/11/2021

6100 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی دورگەی کەناری لە ئیسپانیا رایانگەیاند، هێزەکانی کەناراوە دەریاییەکان تەرمی هەشت کۆچبەرییان لە بەلەمێکدا دۆزیوەتەوە و توانیویانە ٦٢ کۆچبەری دیکەش رزگار بکەن.


دەسەڵاتدارانی حکومەتی دروگەی کەناری رایانگەیاند، هێزەکانی پاراستنی کەناراوە دەریاییەکان توانیوویانە ٦٢ کۆچبەر رزگار بکەن کە سەرجەمیان پیاوبوون جگە لەیەک کۆچبەر نەبێت کە مێردمنداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵان بووە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، تەرمی هەشت کۆچبەریان لە بەلەمێکدا دۆزیوەتەوە کە شەپۆلەکانی ئاو بەرەوکەناراوەکانی دورگەکە هێناونی و سەرجەمییان ئەفریقین.

ئەوەشییان خستووەتەڕوو، سێ کەس لەو کۆچبەرانەی رزگارکراون باری تەندروستییان ناجێگیربووە، بە هەلیکۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گران کەناریا و نۆ کەسی دیکەیان لەلایەن هێزەکانەوە لەکاتی گواستنەوەیاندا چارەسەرکراون.

دەزگای فریاکەونتی خێرای دورگەکانی کەناری رایگەیاند، شەپۆلەکانی دەریا کۆچبەرەکانی لە دووری ٦٠ میلەوە لە زەریای ئەتڵەنتیکەوە بەرەو کەناراوی دورگەکە هێناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی ئیسپانیا، لە نێوان مانگەکانی کانونی دووەم تا ٣٠ ئەیلولی ئەمساڵ زیتر لە ١٣ هەزار و ١٠٠ کۆچبەر لە خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دورگەکانی کەناری کۆچییان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی کۆچبەران دوو هێندە زیادیکردووە.













گەلەری