سەردێڕ:

پلاندانانی عێراق هەنگاوێک تایبەت بە بودجە و موچە دەگرێتەبەر

PM:04:59:14/11/2021

8048 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە کە موچەی موچەخۆران و موچەی تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢دا هەڕەشەیان لەسەر نابێت و لیژنەیەکیش بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە پێکهێنراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ماهر حەماد بریکاری تەکنیکی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ چەند هۆکارێك دەگەڕێتەوە و ئەنجامنەدانی دانیشتنی پەرلەمانیش گرفت بۆ پێشکەشکردن و خوێندنەوەی دروستدەکات.

باسی لەوەشکردووە، لیژنەیەکی ستراتیجی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ ئامادەکردنی بودجە کە بەرێڕەوی بنەڕەتی خۆیدا بڕوات و بۆ حکومەتی داهاتووی ئامادەبکات و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، یاسای کارگێڕی دارایی لەو گۆڕانکارییانەی بەم دواییانەوە تیایدا کراوە رێگە بە خۆگونجان دەدات بەجۆرێك بێت ژیان لەژێر سێبەری بودجەی کارپێکردن بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، کە موچەی موچەخۆران و موچەی تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢دا هەڕەشەیان لەسەر نابێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، عەلى عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بودجەی دارایی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە ئامادەکردنی، بودجەیەکی چاکسازی دەبێت و لە بودجەی ساڵی رابردوو جیاوازتره.








گەلەری

‌بەپەلە