سەردێڕ:

راپۆرتێکى ئەمەریکى ئەو لایەنە ئاشکرا دەکات کە هەوڵى تیرۆرکردنى مستەفا کازمیدا

PM:12:12:14/11/2021

4636 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتێکى تۆڕى هەواڵى (ئێن بى سى)ى ئەمەریکى بەپشتبەستن بە زانیارییەکانى چەند بەرپرسێکى ئەمەریکى ئێستا و پێشوو، بڵاوى کردەوە "ئێران فەرمانى هەوڵى تیرۆرکردنى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراقى نەداوە".


راپۆرتەکەى تۆڕى هەواڵى (ئێن بى سى)ى ئەمەریکى ئاماژەى بەوە کردووە "بەشێک لە هێزە چەکدارە شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانى دەکرێن ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە".

راپۆرتە ئەمەریکییەکە لەسەر زارى بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییەکان بڵاوى کردەوە کە "هەوڵى تیرۆرکردنەکە ئەوەى دەرخست کە تاران هەوڵیداوە بۆ کۆنترۆڵکردنى سەرکردە چەکدارییە یاخیبووەکانى شیعە لەو کاتەوەى کە ئەمەریکا ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى و قاسم سولەیمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى لە مانگى نیسانى ٢٠٢٠ کوشت".

بەگوێرەى راپۆرتەکە "شارەزایان ئاشکرایان کردووە کە دیزاینى ئەو درۆنانەى کە هێرشەکەى پێ ئەنجامدراوە هاوشێوەى دیزاینى ئەو درۆنانەن کە گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران لەمانگى تەمووزى ٢٠٢٠ەوە بەکارى دەهێنن دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا لە عێراق".

راپۆرتەکە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاژانسى هەواڵى روسیا ئەلیەوم ناوەڕۆکى کۆبوونەوەیەکى نێوان مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئیسماعیل قائانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى لەدواى هەوڵى تیرۆرکردنەکە بڵاوکردەوە و بەگوێرەى راپۆرتى ئاژانسە روسییەکە لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل قائانى بە کازمى وتووە "ئەو سیاسەتى هەڕەشەکردنەى کە کازمى رووبەڕووى دەبێتەوە نوێنەرایەتى تاران ناکات و ئێران پشتیوانى لەو جۆرە کارانە ناکات".








گەلەری