سەردێڕ:

لە حکومەتی پۆڵەنداوە بۆ کۆچبەران

PM:08:13:13/11/2021

74336 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی پۆڵەندا رایگەیاند، دەنگۆی کردنەوەی سنوری وڵاتەکەی بە رووی کۆچبەراندا لە رۆژی ١٥ی ئەم مانگە دوورە لە راستییەوە و داوای لە کۆچبەران کردووە هیچ ریسکێک بە گیانیانەوە نەکەن.


ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی پۆڵەندا ئاگادارییەکی بۆ کۆچبەران بڵاویکردەوە و دەڵێت، ''لە ناو کۆچبەراندا ئەو دەنگۆیە بڵاوکراوەتەوە، کە ١٥ی ئەم مانگە لە کارێکی رێکخراودا بە پاس کۆچبەران لە سنورەوە دەگەیەنرێنە ئەڵمانیا."

باسی لەوەشکردووە، ''ئەو هەواڵانە هەموویان دوورن لە راستییەوە، پۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سنورەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا و ئەوانەشی هەواڵی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە."

حکومەتی پۆڵەندا داواشی لە کۆچبەران کردووە، بە هەواڵی لەو جۆرە هەڵنەخەڵەتێن و هیچ هەنگاوێک نەنێن.

هاوکات، ئێوارەی ئەمڕۆ پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند، سێ كەسیان دەستگیركردووە، کە دوانیان ئۆكرانی و یەکیان پۆڵەندیە و ھەوڵیانداوە ژمارەیەک پەنابەر بھێننە خاكی پۆڵەنداوە.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە و وەک خۆیان دەڵێن، مەبەستیان دابینکردنی ژیان و داهاتوویەکی باشترە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان.

ئەو کۆچبەرانە باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنوری بیلاروسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆش پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، کە ئەڤینی ٣٨ ساڵ بە دووگیانی و دۆخی خراپەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەیەکی سەر سنور و منداڵەکەی سکی گیانی لەدەستداوە، مەترسی لەسەر ژیانی خۆشی هەیە.

 












گەلەری