ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵى تورکى بڵاوى کردەوە "زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ھەوڵی کۆچکردندان بۆ ئەرووپا لەسەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا، بەردەوامە".
ئەمڕۆ شەممە ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵى تورکى بڵاوى کردەوە "چاوەڕوانی کۆچبەرانی خاڵی سنووریی بروزگی لە شاری گرۆندۆی بێلاڕووس، کە زۆربەیان لە عێراقەوە ڤیزەیان وەرگرتووە و ھاتوون بۆ بێلاڕووس و بە مەبەستی دەربازبوون لە بێلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا و لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەورووپا، بەردەوامە".
بەگوێرەى ئاژانسەکە "نزیکەی دوو ھەزار
کۆچبەر کە ژمارەیەکی زۆر ئافرەت و منداڵیش لە نێویاندایە، لە کەشوھەوایەکی ژێر پلەی
سفری سەدیدا، بە درێژایی شەو و رۆژ بە بەردەوامی ھەوڵی پەڕینەوە بۆ پۆڵەندا دەدەن".
ئاژانسەکە ئاماژەى بەوە کردووە کە
کۆکردنەوەى هاوکاریى و گەیاندنى ئاو و خۆراک و پێداویستى پاککردنەوە بۆ
کۆچبەرەکانى سنوورى بێلاڕووس دەستى پێکردووە و ئەو هاوکارییانەش لەلایەن کۆمەڵگەى
موسڵمان و ئۆرسۆزۆکس و کاسۆلیک و جووەکان دابین کراوون.
لەبارەى بڵاوبوونەوەى دیمەنی ھەوڵی پەڕینەوەی
گرووپێکی دوو سەد کەسی و بڕینی تەلبەندەکانی خاڵی سنووریی بروزگی بۆ سنووری پۆڵەندا
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، ئاژانسە تورکییەکە ئاماژەى بەوە کردووە کە ئەو گروپانە
بۆ کەمپەکانى ئەودیو سنوور گەڕێندراونەتەوە.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە کۆمەڵەی خاچی
سووری بێلاڕووسی دار و خۆراکی بۆ ناوچەکە ناردووە و بەبەردەوامیش گرووپی نوێی کۆچبەران بۆ کەمپەکان
دێن.
تایبەت بە گرژییەکانى سەر سنوورى
بێلاڕووس-پۆڵەندا لە راگەیەندراوێکى لیژنەى سنوورى دەوڵەتى بێلاڕووسەوە جەخت لەسەر
بەردەوامى گرژییەکانى سەر سنوور کراوەتەوە و ئاماژە بەوەش کراوە کە "کەمپەکان،
بە بەردەوامی گرووپی نوێی کۆچبەری بۆ دێت".
لەلایەکى ترەوە جۆ بایدن سەرۆکى
ئەمەریکا دڵەڕاوکێى خۆى لەو دۆخە خستەڕوو کە لە سنورى بیلاڕووس هەیە و لە وەڵامى
رۆژنامەنووسان وتوویەتى "دڵەڕاوکێى خۆمان گەیاندۆتە رووسیا و بیلاڕوس و ئەو
رەوشەى ئێستاش بۆ ئێمە کێشەیە".
لەپێشهاتێکى نوێشدا شەوى رابردوو ،
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی
عێراق وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق لە تۆڕە قاچاغچییەکانی مرۆڤ لە رێگەی
نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا، مۆڵەتی کارکردنی کونسوڵی فەخری بیلاروسیای لە بەغدادا
سڕکردووە."
باسی لەوەشکرد، باڵیۆزانی عێراق لە مۆسکۆ و وارشۆ هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ
بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە نێوان سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندان و بە
ویستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
ئەحمەد سەحاف ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق تەواوی
گەشتە راستەوخۆکانی نێوان عێراق بیلاروسیای راگرتووە."
هاوكات دوێنێ (هەینى) دەسەڵاتی
فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا رایگەیاند، گەشتی هاوڵاتیانی عێراقی و سوری و یەمەنییان
بۆ بیلاروسیا راگرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لێشاوی کۆچبەرانی ئاسیایی و ئەفریقی لە رێگەی وڵاتی بیلاروسیاوە
بۆ یەکێتی ئەوروپا کێشە و گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و یەکێتی
ئەوروپادا دروست کردووە. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان یەکێتی ئەوروپا لە بیری
ئەوەدایە سزاکانی سەر بیلاروسیا توندتربکات.