سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق کارەکانی کۆنسوڵی بیلاروسیای لە بەغدا سڕکرد

PM:07:32:12/11/2021

9252 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەشتەکانی نێوان عێراق و بیلاروسیای راگرت و مۆڵەتی کارکردنی کونسوڵی فەخری بیلاڕوسیای لە بەغدا بۆ ماوەیەک سڕکرد.


ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق لە تۆڕە قاچاغچییەکانی مرۆڤ لە رێگەی نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا، مۆڵەتی کارکردنی کونسوڵی فەخری بیلاروسیای لە بەغدادا سڕکردووە."

باسی لەوەشکردووە، باڵیۆزانی عێراق لە مۆسکۆ و وارشۆ هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە نێوان سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندان و بە ویستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

ئەحمەد سەحاف ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق تەواوی گەشتە راستەوخۆکانی نێوان عێراق بیلاروسیای راگرتووە."

هەر ئەمڕۆش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا رایگەیاند، گەشتی هاوڵاتیانی عێراقی و سوری و یەمەنییان بۆ بیلاروسیا راگرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لێشاوی کۆچبەرانی ئاسیایی و ئەفریقی لە رێگەی وڵاتی بیلاروسیاوە بۆ یەکێتی ئەوروپا کێشە و گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپادا دروست کردووە. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەنوانییەکان یەکێتی ئەوروپا لە بیری ئەوەدایە سزاکانی سەر بیلاروسیا توندتربکات.













گەلەری