سەردێڕ:

ئێران بڕ و قەبارەی کاڵای ھەناردەکراوی بۆ عێراق ئاشکرا کرد

PM:02:48:12/11/2021

2956 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کواڵیتی کۆنتڕۆڵی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا وڵاتەکەی لە رێگەی دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی مەھرانەوە بە قەبارەی زیاتر لە ٥٣ ھەزار تۆن کاڵای ھەناردەی عێراق کردووە.


ئەمڕۆ ھەینی، میھناز ھیممەتی بەڕێوەبەری کواڵیتی کۆنتڕۆڵی پارێزگای ئیلام لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ٢١ی ئادارەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم وڵاتەکەی بە بڕی ٥٣ ھەزار و ٤٩٤ تۆن کاڵای ھەناردەی عێراق کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاڵاکان بریتیبوون لە بەردی خانو و ئاسنی خاو و شیشی سەقف و مادەی کیمیاوی و پێداویستی و کەلوپەلی ئۆتۆمبێل.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا روحوڵآ لوتفی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گومرگی ئێران رایگەیاند، قەبارەی کاڵای ھەناردەکراوی وڵاتەکەی بۆ عێراق و چین و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەی لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٥ ملیۆن تۆن بووە، بە بەھای زیاتر لە ٢٧ ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێران بە بەھای ٢٧ ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار و بڕی ٧٥ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار تۆن کاڵای ھەناردەی چین و عێراق و تورکیا و ئیمارات و ئەفغانستان کردووە.
لەماوەی رابردوودا، چەندین جار ئێران قەبارەی کاڵای ھاوردەکراوی بۆ عێراق ئاشکرا کردووە، راشیگەیاندووە، کە لەناوچەکەدا و بەھۆی نزیکی سنوری نێوانیانەوە، عێراق بە پلەی یەکەم دێت بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق.













گەلەری