سەردێڕ:

سەرۆکی بیلاڕوسیا: کوردەکان جەنگاوەرن و ھەر ھەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنیان دۆخەکە ئاڵۆزتردەکات

AM:11:06:12/11/2021

66228 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاند، ھەوڵێک ھەیە بۆ پێدانی چەک و تەقەمەنی بە کۆچبەرانی سەر سنور لەلایەن لایەنێکەوە کە ئاشکراینەکردووە. دەشڵێت، " کوردەکان جەنگاوەرن و ھەر ھەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنیان دۆخەکە ئاڵۆزتردەکات".


ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاند، ھەوڵێک ھەیە بۆ پێدانی چەک و تەقەمەنی بە کۆچبەرانی سەر سنور لەلایەن لایەنێکەوە کە ئاشکراینەکردووە بۆ دروستکردنی پشێویی لەسەر سنور.
ئاماژەی بەوەشدا، ناچارن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە لەسەرتاسەری سنورەکەیان بکەن، چونکە کوردەکان جەنگاوەرن و ھەر ھەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنی کۆچبەران رەنگە دۆخەکە ئاڵۆزتربکات.
ھاوکات، سەرۆکی بیلاڕوسیا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد بەباشی بیربکاتەوە بەر لەوەی ھەر جۆرە سزایەک بەسەر وڵاتەکەیدا بسەپێنێت.
ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پۆڵەندا دەیەوێت بە ھەڕەشەی داخستنی سنورەکانی بیانترسێنێت.
 دەشڵێت، ئەگەر لە بەرامبەردا بیلاڕوسیا بۆری گواسستنەوەی گازی سروشتی روسیا بۆ ئەوروپا دابخات کە بە خاکەکەیاندا تێپەڕدەبێت ئەو کات ئەوروپییەکان چی دەکەن؟
پێشتر، ھەریەک لە لیتوانیا، ئیستۆنیا و لاتڤیا ئەو قەیرانەی کۆچبەران کە لەسەر سنورەکان وڵاتی بیلاروسیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دروستبووە بە ھێرشێکی "ئاڵۆز و بەمەست"ـی ناودەبەن و ھۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی جەنگیش دەدەن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە، لە کۆشکی سپی ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و دواتر ئورسولا ڤۆن دێرلاین وتی، "ھەردوولامان لەبارەی کێشەکانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەنداوە ھاوڕابووین و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتووەوە سزای زیاتر بەسەر بیلاروسیادا دەسەپێنین."
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە ھاوڵاتییان لە رێگەی بیلاروسیاوە بەرە و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆچدەکەن و لە ئێستادا ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە سنورەکانی نێوان بیلاروسیا و لیتوانیا وپۆڵەندا دۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن.












گەلەری