وەزارەتی ناوخۆی سعودییە رایگەیاند، لەمەودوا ژنان دەتوانن خۆیان لە ریزی ھێزەکانی تایبەت بە ئاسایشی دبلۆماسی تۆمار بکەن.
ئەمڕۆ ھەینی، وەزارەتی ناوخۆی سعودییە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لەمەودوا ژنان دەتوانن خۆیان لەریزەکانی ھێزی تایبەت بە ئاسایشی دبلۆماسی بە پلەی سەرباز تۆمار بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەت دەستیکردووە بە پێشوازیکردن لەو خوازیارانەی ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.
لەماوەی رابردووشدا، دەسەڵاتدارانی ئەمنی سعودییە، رێگەیاندا ژنانی ئەوڵاتە لە ریزەکانی ھێزی ئاسایشی ھەردوو مزگەوتی حەرەم و نەبەوی خۆیان تۆمار بکەن.
ھەرەوەھا، رێگە بە ژنان دراوە لە ریزی ھێزە خزمەتگوزارییەکانی ناو مزگەوتی حەرەم و نەبەوی کاربکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی محەمەد سەلمان وەل شازادەی جێگرەوەی وڵات بەڵینی بە ھاوڵاتییانی وڵاتەکەیدا کۆمەڵگەی سعودی بەڕوی جیھانی دەرەوە زیاتر بکاتەوە و مافی زیاتر بۆ ژنانی وڵاتەکەی دەستەبەر بکات، لەو چوارچێوەشدا، ژنان دەتوانن شۆفێری بکەن و بە تەنھا گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن و لە ریزەکانی ھێزە ئەمنییەکاندا خزمەت بکەن.
لەماوەی رابردوشدا، وەزارەتی بەرگری سعودییە رێگەیدا ژنانی وڵاتەکەی پەیوەندی بکەن بە هێزی سەربازی و چەکداری ئەو وڵاتەوە بەهەموو بەش و پێکهاتەکانییەوە.