سەردێڕ:

چەند وڵاتێکی هاوسنوری بیلاروسیا هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ دەدەن

PM:06:08:11/11/2021

11844 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە لیتوانیا، ئیستۆنیا و لاتڤیا ئەو قەیارانەی کۆچبەران کە لەسەر سنورەکان وڵاتی بیلاروسیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دروستبووە بە هێرشێکی "ئاڵۆز و بەمەست"ـی ناودەبەن و هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی جەنگیش دەدەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە وڵاتانی هاوسنوری بیلاروسیا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵانەندا رایانگەیاند، هەوڵی بەزاندنی سنورەکان لەلایەن کۆچبەرانەوە مەترسیدارە و ئەگەری دروستبوونی پێکدادانی سەربازی و جەنگ دروست دەکات.

دەسەڵاتدارانی پۆڵەنداش باسیان لەوەکردووە، کۆچبەرەکان لە خاکی بیلاروسیا وە بەرد و لقی داریان گرتووەتە پاسەوانەکانی سنوری پۆڵەندا و هەوڵی بەزاندنی سنورەکەیان داوە کە تەلبەند کراوە؛ بە مەبستی بڕینی سنورەکە و گەشتن بە خاکی یەکێتی ئەوروپا.

لە هەمان کاتدا، لیتوانیاش هاوشێوەی پۆڵەندا بەهۆی قەیرانی کۆچبەرانەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی بارودۆخی نائاسایی تێدا راگەیەندراوە، گابریلیوس لاندسبێرگی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش باسی لەوەکردووە، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە گفتوگۆ بکات لەسەر دروستکردنی "رێڕەوێکی مرۆیی" لە سنوری بێلاروسیا بەمەبەستی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە، لە کۆشکی سپی ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و دواتر ئورسولا ڤۆن دێرلاین وتی، "هەردوولامان لەبارەی کێشەکانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەنداوە هاوڕابووین و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سزای زیاتر بەسەر بیلاروسیادا دەسەپێنین."

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە ھاوڵاتییان لە رێگەی بیلاروسیاوە بەرە و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆچدەکەن و لە ئێستادا ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە سنورەکانی نێوان بیلاروسیا و لیتوانیا وپۆڵەندا دۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن.













گەلەری