سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاگاداری کۆچبەرانی سنوری بیلاروسیا دەکاتەوە

PM:04:46:11/11/2021

10096 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەت هەنگاوی جددی بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەو کۆچبەرانەی ئارەزوومەندی گەڕانەوەن لە بیلاروسیاوە ناوە و دەتوانێت گەشتی فڕۆکە لە هەولێر و بەغداوە بۆ بەیروت و دواتر مینسکی پایتەختی ئەو وڵاتەوە رێکبخات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی لەدوای ئیریك شوفالییە باڵیۆزی فەڕەنسا بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، حکومەتی عێراق هەنگاوی جددی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرە گیرخواردووەکانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا گرتووەتەبەر و باسی لەوەشکردووە، حکومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە گەشتی فڕۆکەوانی لە هەولێر و بەغداوە بۆ بەیروت و دواتر بۆ مینسکی پایتەختی بیلاروسیا رێکبخات و بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، بالیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەر کۆچبەرێک خوازیارە بە خواستی خۆی لە بیلاروسیاوە بگەڕێتەوە وڵات، ئەوا گەشتی ئاسمانییان بۆ ئامادە دەکرێت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، ٢٠٠ هەزار دۆلار تەرخانبکات بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی گیریانخواردووە لە سنورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و لیتوانیادا و بەشێوەی ئارەزومەندانە دەیانەوێت و بگەڕێنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەھۆی خراپی دۆخی گوزەرانی خێزانەکان و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ھەلی کار و خزمەتگوزاری پێویست و سەرەتایی وەک ئاو و کارەبا و رێگەوبان و لە وەرزی زستاندا، سەرھەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی، ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گەنجانی ھەرێم روویان لە وڵاتی بیلاروسیا کردووە تا لەوێوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێبکەون.













گەلەری